ئەیووب حەدیسی بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا

18:16 - 16 خاکەلێوه 2722

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی خاکەلێوە، "ئەیووب حەدیسی" ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پیرانشار، پاش ٦٧ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو چالاکە کوردەیان بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کردووه.

ئەیووب حەدیسی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ لەژێر لێکۆلینەوەدا بووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا چەندین جار لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئیوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەیووب حەدیسی ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.