ئەیووب حەدیسی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نە‌غەدە کرا

17:26 - 21 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەیووب حەدیسی، ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەیووب حەدیسی لە ماوەی ڕابردوودا، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "بابایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١، ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، پاش ٦٧ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەیووب حەدیسی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەیووب حەدیسی ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.