ئەیوانغەرب/ هەڵەی پزیشکی گیانی ژنێکی لاوی ئەستاند

11:20 - 17 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی هەینی ١٥ی خاکەلێوە، ژنێکی لاو بە ناوی "شەهین سادقی"، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوانغەرب سەر بە پارێزگای ئیلام، بەهۆی ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە لاوە بۆ چارەسەریی پزیشکی سەردانی نەخوشخانەی ئەو شارەی کردبوو و بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە، باری تندروستیی تێک دەچێت و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی بەشی تایبەتی نەخۆشخانەی دەکەن.

هەر چەند پاش چەند کاتژمێر و هەوڵی پزیشکان بۆ کۆنترۆڵکردنی باری ئاسایی تەندروستی "شەهین"، لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە گیانی لەدەست دا.

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێت، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیە لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.