سەقز؛ سێ حەفتە دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی فەرەیدوون مستەفایی، یاریزانی فووتباڵ
یەکی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ حەفتە لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «فەرەیدوون مستەفایی»، لاوی ۲۳ ساڵانی خەڵکی سەقز و یاریزانی فووتباڵ، هێشتا هیچ جۆرە زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ زیاتر لە سێ حەفتە پێش ئێستا (سەرەتای پووشپەڕی ١٤٠٥)، «فەرەیدوون مستەفایی»، یاریزانی فووتباڵی ۲۳ ساڵانی خەڵکی سەقز، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی هەموو جۆرە پەیوەندی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.