مێهدی خانەکی؛ ۲۴ـەمین ناڕازیی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە شوێنێکی نادیاردا لەسێدارە درا

17:37 - 1 گەلاوێژ 2726

هەواڵدەریی «میزان»، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پوشپەڕی ۱۴۰۵ هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی یەکێک لە ناڕازییانی بەفرانباری ۱۴۰۴ی لە کەرەج بە ناوی «مێهدی خانەکی»ی ڕاگەیاند. کۆماری ئیسلامی ناوبراوی لەژێر ناونیشانی «ئەندامەتی لە گرووپێکی تێرۆریستیی دژی ئینقلاب » و بە پشتبەستن بە یاسای توندکردنەوەی سزای سیخوڕی، لە پرۆسەیەکی نادیار، ناڕوون و دوور لە ڕاشكاویدا لە سێدارە داوە. ئەم ڕاگەیاندنە حكوومییە بە هیچ جۆرێک ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی حوکمەکە و چارەنووسی تەرمەکەی نەکردووە.

هەواڵدەریی میزان، بێ ئاماژەدان بە پرۆسەی وردی پێڕاگەیشتنی دادوەری، ژمارە و کوالێتیی دانیشتنەکانی دادگا، شێوازی دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە پارێزەر (چ پارێزەری هەڵبژێردراو یان دەستنیشانکراوی دادگا)، ئەگەری دەستڕاگەیشتنی پارێزەر بە دۆسییەکە، چۆنیەتیی بەرگریی تۆمەتبار لە دادگا و هەروەها چۆنیەتیی مافی ناڕەزایەتیدەربڕینی بەرانبەر بە حوکمەکە، لە حاڵێکدا کە تەنیا زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر کاتی دەسبەسەرکردن تا جێبەجێکردنی حوکمەکە تێپەڕیوە، نووسیویەتی کە: «حوکمی لەسێدارەدانی مێهدی خانەکی، ئەندامی چالاکی گرووپێکی تێرۆریستی لە کوودەتای بەفرانباری ۱۴۰۴، دوای پشتڕاستکردنەوەی لە دیوانی باڵای وڵات» جێبەجێ کراوە. ئەم ڕاگەیاندنە، بێ ئاماژەدان بە ناوەڕۆک و ناوی گرووپە ئیدعاکراوەکە، هەروەها هەڕەشەی کردووە کە ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەری و بەپێی فەرمانی «خامنەیی» کوژراو، ئەنجام دراون.

میزان ئیدعای کردووە کە «مێهدی خانەکی» ڕۆژی ۲۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴ دوای ناسینەوە دەسبەسەر کراوە و دوایی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بڕێک «چەک و تەقەمەنی» دەستی بەسەردا گیراوە. ئەم هەواڵدەرییە هەروەها ئیدعای کردووە کە ناوبراو لە ماڵەکەیدا دەستی داوەتە «دروستکردنی بمب» و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا «چەک»ی وەرگرتووە و بەکاری هێناوە.

لە هەمان پێوەندیدا، هەواڵدەریی میزان ڤیدیۆیەکی ۱۹ چرکەیی بە ناونیشانی «کارگەی دروستکردنی بۆمب و شوێنی حەشارگەی مێهدی خانەکی» بڵاو کردووەتەوە کە ساتەوەختی دەسبەسەرکردنی ناوبراو نیشان دەدات لە کاتێکدا لەسەر ڕاخەرێک لەسەر زەوی پاڵ کەوتووە. هەروەها لە بەشێکی کورت، نادیار، بڕدراو و بە وێنەی لێڵکراوەوە، وێنەی ئەوەی ناویان ناوە «چەک و تەقەمەنیی دۆزراو» لە بەکگراوندی جیاواز و ژوورێک بە موکێتی شین پیشان دەدرێت، لە کاتێکدا شوێنی دەسبەسەرکردنەکە کەفپۆشی قاوەیی هەیە.

ئەم ڕاگەیاندنە هەروەها ئیدعای کردووە کە مێهدی خانەکی دوای دەسبەسەرکردن دانی بەم شتانەدا ناوە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، کەیفەرنامەی بۆ دەرچووە و لەلایەن دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە تۆمەتی «کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بە قازانجی ڕێژیمی سەهیۆنیستی، ئەمریکا و گرووپە نەیارەکان» و «دروستکردن، دابینکردن و ڕاگرتنی چەک و تەقەمەنیی جەنگی و بەکارهێنانیان»، بە پشتبەستن بە «یاسای توندکردنەوەی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی سەهیۆنیستی و وڵاتانی نەیار دژ بە ئاسایش و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان»، سزای لەسێدارەدان و دەسبەسەرداگرتنی سەرجەم سەرمایەکەی بەسەردا سەپێنراوە.

هەواڵدەریی میزان ئاماژەی بە ڕاگەیاندنی حوکمەکە بە پارێزەرەکەی کردووە، بەڵام ڕوونی نەکردووەتەوە کە ئایا مێهدی خانەکی لە درێژەی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا دەستی بە پارێزەری هەڵبژێردراو گەیشتووە یان نا. ئەم هەواڵدەرییە تەنیا نووسیویەتی کە حوکمەکە دوای پێڕاگەیشتن لە قۆناغی داواکاری پێداچوونەوە و پشتڕاستکردنەوە لە دیوانی باڵای وڵات جێبەجێ کراوە؛ پرۆسەیەک کە لە کاتی دەسبەسەرکردن تا جێبەجێکردنی حوکمەکە، تەنیا پێنج مانگ و ۱۰ ڕۆژی خایاندووە.

بە هەژمارکردنی لەسێدارەدانی مێهدی خانەکی، لە ۲۸ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ تا ۳۱ی پووشپەڕی ۱۴۰۵، لە ماوەی چوار مانگدا لانیکەم ۲۴ ناڕازی لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە سێدارە دراون. ناوی ئەم کەسانە بەپێی ڕیزبەند بریتیین لە: ساڵح محەممەدی، سوعید داوودی، مێهدی قاسمی، ئەمیرحوسێن حاتەمی،

محەممەدئەمین بیگلەری، شاهین واحدپەرەست کلور، عەلی فەهیم، ئەمیرعەلی میرجەعفەری، عرفان کیانی، ساسان ئازادوار، ئیبراهیم دولت‌آبادی‌نژاد، مێهدی ڕەسووڵی، محەممەدڕەزا میری، محەممەد عەباسی، عەباس ئەکبەری فەیز‌ئابادی،

ئەشکان مەلەکی، مێهرداد محەممدی‌نیا، فەتحوڵڵا ئاوەری، جەواد زەمانی، ئەبوالفەزل ساعدی، محەممەد ئەمینی دەهاقانی، عرفان ئێسفەندیاری، گولڵمحەمممەد محەممەدی و مێهدی خانەکی