قەزوێن؛ شیوا زارعی، چالاکی کورد و ڕۆژنامەنووس، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سزای دارایی بەسەردا سەپێندرا

08:47 - 2 گەلاوێژ 2726

۱ی گەلاوێژی ۱٤۰۵؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا «شیوا زارعی»، چالاکی کورد و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی بوئین زەهرا لە پارێزگای قەزوێن، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سزای پێبژاردنی ۵۰ میلیۆن تمەن سزای نەختیی بەسەردا سەپێندرا. پێشتریش سەرجەم حیسابە بانکییەکانی داخرابوون و مۆبایلەکەی دەستی بەسەردا گیرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی «شیوا زارعی» ڕۆژی ۱۹ی جۆزەردانی ۱٤۰۵ لە لقی سێهەمی دادگای ئینقلابی دادگوستەریی شاری قەزوێن بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ستۆری لە ئینستاگرام» بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری پێبژاردنی ۵۰ میلیۆن تمەن سزای نەختی بۆ ئەم تۆمەتە دەرچوو و پێی ڕاگەیەندرا.

پەڕەیەک لە ئاگادارییەکەی دادگا کە بەدەستی دەست کوردپا گەیشتووە، نیشان دەدات کە ناوبراو ئاگاداریی ئامادەبوون لە دانیشتنی دادگاکەی لە ڕێکەوتی ۱۳ی بانەمەڕی ۱٤۰۵ پێگەیشتووە. لەم ئاگادارییەدا هاتوووە: «ئامادەنەبوونی ئێوە نابێتە ڕێگر لە وەرگرتنی بڕیارە یاساییەکان.»

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دەرکردنی ئەم بڕیارە لە درێژەی ئەو گوشارانەدایە کە خراونەتە سەر ئەم چالاکە کوردە؛ بە جۆرێک کە ناوبراو چەندین جار کەوتووەتە ژێر گوشار، سەرجەم حیسابە بانکییەکانی بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە داخراون و مۆبایلەکەشی لە بەفرانباری ۱٤۰٤ەوە بێ پێدانی پەڕەی یاسایی زەوت کراوە و تا مانگانێک پێی نەدراوەتەوە.

شیوا زارعی، چالاکی کورد، چالاکی بواری ژنان و ڕۆژنامەنووسە.