مەهاباد؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی پەیمان محەممەدیمورادی دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار
یەکی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو، «پەیمان محەممەدیمورادی»، لاوی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی کۆژرانی ١٤٠٥، «پەیمان محەممەدیمورادی» کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو و مۆبایلەکەی بەبێ پێدانی پەڕەی یاسایی دەستی بەسەردا گیرابوو، جارێکی دیکە بەو بیانوویە کە بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی سەردان بکاتەوە، بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرایەوە. بەڵام دوای سەردانکردنی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، چەند ڕۆژ پێشتر هێزە ئەمنییەکان وێڕای بانگکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە، بەبێ پێدانی هەموو جۆرە بڕیارێک یان مۆڵەتێکی یاسایی مۆبایلەکەیان زەوت کردبوو و دواتر بۆ گەڕاندنەوەی، دووبارە ناوبراویان بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کردبووەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، پەیمان محەممەدیمورادی تا ئیستا لە مافی پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دەستی بە پارێزەریش ڕانەگەیشتووە.