ئەیوان/ قوتابییەکی دواناوەندی بەهۆی لێدانی جێگیری قوتابخانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە

12:25 - 10 خەرمانان 2722

هەواڵدەریی "تابناک" لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە لێدانی کچکە قوتابییەکی قۆناغی دواناوەندی لەلایەن جێگیری ئەو قوتابخانەیە لە شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، کرد.

شوناسی ئەو کچە "موبینا" ڕاگەیەندراوە کە قوتابیی قۆناغی دواناوەندیی قوتابخانەی کەوسەر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی تابناک، کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانان، موبینا، قوتابیی پۆلی ١ی دواناوەندی، بۆ دیاریکردنی ڕشتەی دواناوەندی سەردانی قوتابخانە دەکات، کە جێگیری ئەو قوتابخانەیە بەهۆی تووڕەبوون لەو قوتابییە، هێرش دەکاتە سەری و لێی دەدا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیویەتی: جێگیری قوتابخانەی دواناوەندیی کەوسەری ئەیوان، بەهۆی هێنانی موبایل لەلایەن موبیناوە، موبایلەکەی خۆی فڕی دەداتە نێوچاوانی ئەو قوتابییە و دەست دەکات بە لێدانی و لە کۆتاییدا، ئەو قوتابییە ڕەوانەی ئۆرژانس دەکرێت.

تابناک هەروەها نووسیویەتی: لە پشکنینی سەرەتایی پزیشکییدا، دەمووچاوی ئەو کچە ڕەش و شین بووەتەوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی پارێزگای ئیلام کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە زاری باوکی موبینا، بڵاوی کردووتەوە کە، کچەکەی بەهۆی ئەو لێدانەوە،  ئازار بە مل و شەویلکەی گەیشتووە و لە بارودۆخی نالەباری تەندروستیدا بەسەر دەبات و توانای خواردنی هیچ شتێکی نییە.

باوکی موبینا هەروەها بە تابناکی ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری ئەیوان، بەڵام لەلایەن ئەو بەرپرسەوە هیچ جۆرە  بەدواداچوون بۆ  دۆخی کچەکەی نەکراوە.