ئەگەری ئەوە هەیە کە سزای قورس بەسەر ٢٣ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کرماشاندا بسەپێت
ئاژانسی کوردپا: ٢٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا دەسبەسەر کرابوون، ئەگەری دەسەپاندنی سزای قورسیان لەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا دەسبەسەر کرابوون، لە زیندانی کرماشاندان و ئەگەری سەپاندنی سزای قورسیان لەسەرە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو ٢٣ هاووڵاتییە کوردە کە خەڵکی کرماشان و شارەکانی سەر بەو پارێزگایەن، هەنووکە لە زیندانی کرماشاندان و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و دادگایی نەکراون".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "بەپێی بڕیاری دادستانی پارێزگای کرماشان، ئەگەری هەیە هەتا کۆتایی مانگی بەفرانبار، ئەم کەسانە دادگایی بکرێن و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن".
ئەو سەرچاوە لە درێژەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو ٢٣ هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان ڕاگیراون و "سادقی"، دادستانی کرماشان وتوویەتی، ئەو کەسانە کە نیشتەجێی کرماشانن بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد دەکرێن و سزایان لەو کەسانە کە خەڵکی شارەکانی پارێزگان، زۆرترە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە زاری دادستانی کرماشانەوە وتی: "زیندانی دیزڵاوای کرماشان زیندانیی زۆرە و کەمیی شوێنیان هەیە، بۆیە ئەو ٢٣ کەسە دەسبەسەرکراوە هەتا کۆتایی ئەم مانگە دادگایی دەکرێن".