ئەگەری ئێعدامی هاووڵاتییەکی ئیلامی لە ئارادایە

15:12 - 21 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی ئیلامی بە تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر، بڕیارە هەتا سێ ڕۆژی دیکە ئێعدام بکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی ئیلامی بە ناوی مێهدی پاک گوفتار، کە لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە بە تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراوە، بڕیارە کە، کەمتر لە ٧٢ کاتژمێری دیکە ئێعدام بکڕێت.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: باوک و دایکی ئەو هاووڵاتییە ئیلامیە ماوەی دوو مانگە لە بەرانبەر ئۆفیسی بەرپرسی قوەی قەزاییەدا بۆ سەلماندنی بێتاوانی کوڕەکەیان مانیان گرتووە و داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی مێهدی دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری بنەماڵەی مێهدیەوە دەڵێت: نوێنەری خامنەیی لە شاری ئیلام داوای هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدامی بۆ ئەو هاووڵاتییە ئیلامیە کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕازی بەو داواکارییە نەبوون و بڕیارە ڕۆژی چوار شەممە ناوبراو لەسێدارە بدرێت.

ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە تۆمەتی وەپاڵدراوی مێهدی ڕایگەیاند: مێهدی بە تاوانی دەستبەسەردا گرتنی ١٠کیلۆ مادەی سڕکەری \"شیشە\" لە لای یەکێک لە هاوڕێکانی کە لە لێپرسینەوەدا خاوەنداریەتی مادە سڕکەرەکەی خستۆتە ئەستۆی مێهدی دەستبەسەر کراوە و ئەو سزایەی بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی یاسای تاوانەکان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بەرهەم هێنان، قاچاخ و یان هەڵگرتنی پێنج کیلۆ تریاک یان زۆرتر، ٣٠گرەم یان زۆرتر هێرۆئین، مۆرفین یان هەر مادەیەک کە دەبێتە هۆی گۆڕینی حاڵەتە دەروونییەکانی مرۆڤ، هەروەها مادەی سڕکەری دیکەی وەک \"شیشە\"، لەگەڵ سزای ئێعدام بەرەوڕوو دەبنەوە.

ساڵی پێشوو لە مەجلیسی ئێران، زیاتر لە ٧٠ نوێنەری پارلمان گەڵالەیەکیان سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام بۆ تاوانبارانی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکان خستە بەر باس و پێشکەش بە پارلمانی ئێرانیان کرد.