بۆکان؛ پێشەوا چەمەنی، چالاکی مەدەنی، دوای دوو ڕۆژ دەسبەسەرکردن، لێدان و هەڕەشەی توند ئازاد کرا
۴ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «پێشەوا چەمەنی»، هاووڵاتیی خەڵکی بوکان و چالاکی مەدەنی، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە، دوای لێدان و هەڕەشەی توند بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» ئازاد کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: بەیانیی ڕۆژی شەممە ۳ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «پێشەوا چەمەنی»، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاوایی «براییم ئاباد»ی بوکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی یان بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ و دەسبەسەر کرا.
ناوبراو دوای دوو ڕۆژ دەسبەسەرکردن، لێدانی توند و هەڕەشەی بەربڵاو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ڕۆژی یەکشەممە ۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵ ئازاد کرا.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دوو ڕۆژ دەسبەسەرکردنیدا لە مافی پێوەندی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە. هەروەها ڕوون نییە کە هێزە ئەمنییەکان، لە کاتێکدا بێ بڕیاری دادوەری بانگردن، دەسبەسەرکردن داویانەتە بەر لێدان، دۆسییەی ئەمنییان بۆ دروست کردووە یان نا.