تاران؛ ڕێبوار مارابی، لاوی کورد و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردنەکەی بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرا

21:41 - 4 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، ڕێبوار مارابی، لاوی کوردی ۲۷ ساڵانی خەڵکی کامێران و دانیشتووی تاران و لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴، دوای بانگکردنی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکان دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرا. ئەم لاوە کوردە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاگاداریی دادگای بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی پێگەیشتبوو.

بەپێی زانیارییەکانی «کوردپا» و هەندێک لە بەڵگەنامەکانی دۆسییەکە، ڕێبوار مارابی لە ڕێبەندانی ۱۴۰۴دا بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات» لەلایەن لقەی ۲۸ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «محەممەدڕەزا عەمووزادە» لە قۆناغی سەرەتاییدا سزای ۱۰ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

دوای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر ئەم بڕیارە، لقی ۳۶ی دادگای پێداچوونەوەی کۆمەڵگەی دادوەریی "شەهید سۆلەیمانی"، سزاکەی بۆ ۶ ساڵ زیندانیی داسەپاو و ۴ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو گۆڕی.

ڕێبوار مارابی لە ۲۱ی بەفرانباری ۱۴۰۴دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی تارانی گەورە گواسترایەوە. ناوبراو دوای زیاتر لە مانگێک دەسبەسەرکردن، لە ڕەشەمەی ۱۴۰۴دا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە خێزانەکەی بێبەش کرابوو.

ڕێبوار مارابی، لاوی ۲۷ ساڵەی کورد، خەڵکی گوندی «ماراب»ی سەر بە شارۆچکەی کامێرانە لە پارێزگای کوردستان و دانیشتووی تارانە، کە چەندین ساڵە وەک سەرئاشپەز لە ڕستوورانێکدا کار دەکات.