بۆجنوورد؛ عەلی بەراتی، کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، سزای ۳ ساڵ و ۸ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا

21:39 - 4 گەلاوێژ 2726

۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «عەلی بەراتی»، لاوی ۲۵ ساڵانی کوردی کرمانج و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، سزای ۳ ساڵ و ۸ مانگ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: «عەلی بەراتی»، لاوی ۲۵ ساڵانی کوردی کرمانج و لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار، کۆتاییەکانی جۆزەردانی ۱۴۰۵ لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «لاجوەردی» و بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر، بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ۳ ساڵ و ۸ مانگ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، «عەلی بەراتی» ڕۆژی ۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ناوبراو دوای حەفتەیەک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی، لە ۲۵ی بەفرانباری ۱۴۰۴دا بە دانانی بارمتەی ۳ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، و پێوەندی بە خێزانەکەی بێبەش کرابوو. هەروەها لە تەواوی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە دادگا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.