ئەگەری ئیعدامی هاووڵاتییەكی كوردی عێراقی لە زیندانی سنە نزیك بۆتەوە

15:43 - 4 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: عومەر كەریم شەریف هاووڵاتیی كوردی هەرێمی كوردستان و مەحكووم بە ئیعدام دوو رۆژ لەمەوبەر لە چاوپێكەوتن لەگەڵ دایكی لە زیندانی شاری سنە پێی راگەیاندووە كە جێبەجێ‌ كردنی حوكمەكەی نزیك بۆتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو زیندانی ناوەندیی سنەوە، بەڕێوەبردنی حوكمی ئیعدامی هاووڵاتییەكی كوردی هەرێمی كوردستان بەدوور لە چاوەڕوانی نیە.

برای ئەو زیندانییە بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، دوو رۆژ لەمەوبەر دایكم لە زیندانی سنە چاوی بە عومەر كەوتووە و وتوویەتی، بەپێی بارودۆخی زیندان و هەروەها ئەو دەنگۆیانەی كەلە لقی بەڕێوەبەردنی حوكمەكانی زیندانی سنەوە بڵاو بۆتەوە، ئەگەری ئیعدام كردنم بەمزوانە هەیە.

عومەر لەو چاوپێكەوتنەدا بە دایكی وتووە پێشتر لقی بەڕێوەبەردنی حوكمەكانی زیندانی سنە پێیان راگەیاندووم كە یەك حەفتە بەرلە مانگی رەمەزان ئیعدام دەكرێم، بەڵام بەهۆیەكی نادیارەوە وەدوا كەوتووە و بەڵام هەر ساتێك ئەگەری جێبەجێ‌ كردنی ئەو حوكمە هەیە.

دوای تێپەڕینی 12 ساڵ، عومەر كەریم شەریف هاووڵاتیی كوردی هەرێمی كوردستان ئێستاش لە زیندانی سنەدا چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن 32 ساڵەیە رێكەوتی 6 مانگی گەلاوێژی 1379‌ی هەتاوی بە تاوانی تیرۆری جێگری لێپرسراوی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بە نێوی \" ئیسماعیل موعەزمی\" و كوڕەكەی، لەلایەن پۆلیسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستبەسەر و 9 رۆژ دواتر رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كرا.

بە وتەی یەكێك لە نزیكەكانی ئەو هاووڵاتییە كوردە، دەزگای ئەمنیەتیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها ناوەرۆكی دۆسیەكەی باس لەوە دەكەن كە عومەر لە كوردستانی ئێران دەستبەسەر كراوە، بەڵام ئەو ئیدیعایە لەلایەن بنەماڵەكەیەوە رەت كراوەتەوە.

\"7150.jpg\"
عومەر پاش تێپەڕینی 25 مانگ لە دەستبەسەر كردنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لەلایەن \"فاتمی\" دادوەری لقی 1‌ی دادگای ئینقلابی سنەوە بە ئیعدام حوكم دراوە و هەوەها لەلایەن دادگای گشتیشەوە بە تاوانی دەست تێدابوون لە كوشتن بە 15 ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم دراوە.

عومەر كەریم شەریف یەكێك لە پێشمەرگەكانی حیزبی سوسیال دێمۆكاتی كوردستانی عێراقە و بەپێی بەڵگەكانی ئەو حیزبە، لە كاتی روودانی ئەو تیرۆرەدا عومەر لە مورەخەسیدا بووە و ئەو بابەتە بە بەردەوامی لەلایەن \"محەممەد حاجی مەحموود\"وە لە راگەیەنەكاندا رەنگی داوەتەوە.

لەو بارەیەوە ئاگادار كراینەوە كە بنەماڵەی كوژراوە سكاڵایان لە عومەر نیە و بە بەردەوامی وتوویانە كە ئەو هاووڵاتییە كوردە( عومەر كەریم شەریف) بكووژی كوڕەكەیان نیە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەسەر ئەو مەسەڵەیە پێداگرە.

لەم دوایانەدا یەكێك لە لێپرسراوانی حیزبی سوسیال دێمۆكراتی كوردستان لەزاری لێپرسراوانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بنەماڵەی عومەر كەریم شەریفیان وتووە، كە بكووژە سەرەكییەكەیان دۆزیوەتەوە و ئەمە لە حاڵێك دایە كە هەتا ئێستا هیچ هەوڵێك لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە لەراستای پێداچوونەوە بە سزای عومەر كەریم ئەنجام نەدراوە.

برای ئەو هاووڵاتییەی هەرێمی كوردستانی عێراق بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، پێوەندیمان بە جەلال تاڵەبانی، مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیەوە گرتووە و داوامان لێكردوون كە پێڕاگەیشتن و بەدواداچوون بە دۆسیەی عومەردا بكەن.

ئەو برایەی عومەر وتیشی: لەگەڵ كۆنسووڵگەری وڵاتانی ئەمریكا و بریتانیا لە هەرێمی كوردستان و چەندین رێكخراوی مافی مرۆڤ دانیشتنمان هەبووە و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە ئەو هەوڵانە هەتا ئێستا هیچ ئاكامێكیان نەبووە.