ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ سامان نەسیم لەشوێنێکی نادیار پاش ١٣٤ رۆژ

20:46 - 13 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ١٣٤ رۆژ لەناڕوون بوونی چارەنووسی سامان نەسیم زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئێعدامی کورد، بنەماڵەکەی رایانگەیاندووە کە بریارە لەشوێنێکی کە هێشتا نادیارە چاویان پێی بکەوێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوایین وتەکانی پارێزەرانی سامان نەسیم باس لەهەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی سامان و بوونی بەرگەی پشکنینی پزیشکی لەسەر پەروەندەی ئەو زیندانییە سیاسییە و لەئەنجامدا دەرکردنی حوکمی \" حجر\" ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکات.

موختار نەسیم برای سامان رایگەیاندووە کە ناردنی براکەی بۆ پزیشکی دادوەریی لەسەر خواست و داواکاریی پارێزەرەکەی \" عەزیز موژدەیی\" ئەنجام دراوە.

برای سامان نەسیم بە کەماڵ حوسێنی چالاکی مافی مرۆڤی وتووە، بنەماڵەی نەسیم پاش ١٣٤ رۆژ دیارنەمانی کوڕەکەیان، ماوەی ١٠ رۆژ لەمەوبەر لە رێگەی پارێزەرە نوێیەکەیەوە ئاگادار کراونەتەوە کە حوکمی سامان لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشاوەتەوە و توانیویەتی چاوی بە سامان بکەوێت.

بڕیارە بنەماڵەی نەسیم رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ چاویان بە رۆڵەکەیان بکەوێت.

٢٩ی مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو سامان نەسیم، عەلی و حەبیب ئەفشاری، سیراون نژاوی، ئیبراهیم عیساپوور و یوونس ئاقایان لە کەش و هەوایەکی ئەمنیەتیدا لە زیندانی ورمێەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندبوو کە هەواڵی زۆر لەسەر بەڕێوەچوونی سێدارەی ئەو هاووڵاتیانە بە دەستیان گەیشتووەم بەڵام ئاژانسی کوردپا بە هۆی ناڕوونی و گومان و تەئیدنەکردنی ئەو هەواڵانە خۆی لە بڵاوکردنەوەی بوارد.

سەرەڕای بڵاو بوونەوەی هەواڵی جۆراوجۆر لەسەر دۆخی ئەو ٦ زیندانییە سیاسییە، هەتا ئێستا بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی بە فەرمیی و بەشێوەیەکی روون باسیان لەو مەسەلەیە نەکرد.

سامان نەسیم ساڵی ١٣٧٣ لەشاری مەریوان لە ئوستانی کوردستان لەدایک بووە.

ناوبراو ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٠ کاتێک تەمەنی ١٧ ساڵ بوو لە سنووری سەردەشت لەلایەن هێزە سوپاییەکان دەستگیر و بۆ ماوەی دوو مانگ لەگرتنگەکانی حیفازەتی ئیتلاعاتی ورمێدا لە ژیر ئەشکەنجەدا بووە و دواتر بۆ زیندانی مەهاباد راگوێزرا.

سامان بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی نەیاری حکوومەتی ئێران لەلایەن دادگای شاری مەهابادەوە بە سێدارە حوکم درا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستان و لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.