ورمێ؛ سزای ۱۰ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی یوونس نەبی‌زاده لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە

22:17 - 3 گەلاوێژ 2726

٣ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ سزای ۱۰ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی هاوڵاتییەکی کورد بە ناوەی «یوونس نەبی‌زاده» تەمەن ۳۷ ساڵ کوڕی عیسا خەڵکی گوندی «دلو» سەر بە ناوچەی دزەی دۆڵی ورمێ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی فەرمی بەم هاوڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.

بەپێی بەڵگەیەک کە بەدەستی کوردپا گەیشتوو؛ یوونس نەبی‌زاده لە ڕێککەوتی ۲۸ی سەرماوەزی ۱۴۰۳دا بە تۆمەتی «ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات» لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقیلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی «نەجەف‌زاده و ئیسماعیل بەزرکاری» سەرۆک و ڕاوێژکاری ئەم لقە بە ۱۰ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران بە هەژمارکردن و کەمکردنەوەی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درابوو.

دوای دەرچوونی ئەم سزایە، ئەم بەندکراوە سیاسییە ناڕەزایەتیی بەرانبەر بڕیاری دادگای سەرەتایی دەربڕیبوو و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ۱۷ی جۆزەردانی ۱۴۰۳، ئەم هاوڵاتییە بێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەر لە دەرەوەی ماڵەکەی لە ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گوێزرابووەوە.

یوونس نەبی‌زاده دوای نزیکەی دوو مانگ لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ گوێزرایەوە و دوای چوار مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانەدا بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردندا ئازاد کرابوو.

ئەم هاوڵاتییە خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.