بۆجنوورد؛ عرفان سەجادی، لاوی کوردی کرمانج و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار، سزای ۶ مانگ زیندانیکردن و ۲۰۰ ملیۆن تمەن سزای نەختیی بەسەردا سەپێنرا
۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «عرفان سەجادی»، لاوی ۲۰ ساڵانی کوردی کرمانج و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴، لەلایەن دادگای ئینقلابی شارۆچکەی بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە نەبوونی خۆیدا، سزای ۶ مانگ زیندانیکردنی داسەپاو و ۲۰۰ ملیۆن تۆمان سزای نەختیی بەسەردا سەپێنراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «عرفان سەجادی»، لاوی ۲۰ ساڵانی کوردی کرمانج و لە دەسڤەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار، کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ۱۴۰۵، بەبێ بوونی خۆی و بێ بەهرەمەندبوون لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شارۆچکەی بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سزای ۶ مانگ زیندانیکردنی داسەپاو و ۲۰۰ ملیۆن تمەن سزای نەختیی بەسەردا سەپێنراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، «عرفان سەجادی» ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباری ۱۴۰۴، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ناوبراو دوای چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی، بە دانانی بارمتە لە ڕێگەی مۆڵەتی کاسبییەوە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد کە عرفان سەجادی لە ماوەی چەند ڕۆژ دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکەیدا، کەوتووەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بە شێوەیەک کە «شوێنی شینبوونەوە و برین لەسەر دەست، قاچ و ملی" تا ماوەیەکی زۆر دیار بووە.
ئەم لاوە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تەنانەت دوای ئازادبوونی کاتیش لە ڕەوتی بەدواداچوونی دۆسییەکەیدا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.