ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی شۆرای شاری کرماشان

13:38 - 23 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەتوانین ئەندامانی شۆرای شاری کرماشان، لە هەڵبژاردنی شارەدار، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو شۆرایە لە ئارادایە.

بە هۆی لابیگەری، دانان و لابردن و کێشەی جیاواز لە هەڵبژاردنی شارەداری شاری کرماشان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی شارەداری ئەو شارە داناوە.

سەرەکیترین ئەرکی شۆرای شار، دەسنیشانکردنی شارەدارە و بە هۆی نەتوانین لە هەڵبژاردنی شارەدار، ئەو کێشەیە ڕەوانەی هەیئەتی چارەسەرکردنی پارێزگای کرماشان کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، نوێنەری شارەکانی قەسری‌شیرین، سەرپێڵی‌زەها و گێڵانغەرب، لە مەجلیسی ئێران بە ئاماژەکردن بە کێشەی کەسیی لەو شۆرایە ڕایگەیاند: شۆرای شاری کرماشان مافی هەڵبژاردنی شارەداری هەیە، بەڵام بە هۆی کێشە نێوخۆیی و ناکارامەیی لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، شۆرا بووەتە کێشەیەک بۆ ئەو شارە.

لەو پەیوەندییەدا، فەرمانداری شاری کرماشان سەرەڕای ڕاوێژکردن و بەڕێوەبردنی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی شۆرای شاری کرماشان سەبارەت بە هەڵبژاردنی شۆرا، هەتا ئێستا بێئاکام بووە.

پارێزگاری کرماشان لەو بارەیەوە دەڵێت: دۆسیەی سەرپێچییەکانی شۆرای شاری کرماشان لە حاڵی تاوتوێکردنە و هەڵوشاندنەوە یان درێژەدان بە چالاکییەکانی شۆرای شاری کرماشان هێشتا ڕوون نییە.