بۆکان؛ مەسعوود چەمەنی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵانی کورد، بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران مەحکووم کرا
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "مەسعوود چەمەنی"، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە.
ناوبراو لە ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، "مەسعوود چەمەنی"، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵەی کوردی خەڵکی گوندی "برایماوا"ی بۆکان لە پارێزگای ورمێ، بە تۆمەتەکانی "پروپاگەندە دژی نیزام" و "ئەندامەتی لە گرووپ و کۆمەڵە نەیارەکانی وڵات" لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە.
ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی سزای دادوەری دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
مەسعوود چەمەنی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.