ئاودانان؛ ئەحمەد عەلیزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای خانەنشینکراو، بە ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و سزای تەواوکەر مەحکووم کرا

23:01 - 9 پووشپەڕ 2726

٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا "ئەحمەد عەلیزادە"، چالاکی مەدەنی و مامۆستای خانەنشینکراوی خەڵکی ئاودانان، بە ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و سزای تەواوکەر لەوانە ساڵێک قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات، بەتاڵکردنەوەی پاسپۆرت و ئەنجامدانی هەزار و ٨٠ کاتژمێر خزمەتگوزاریی گشتیی بێبەرانبەر لە شارەوانیی ئاودانان مەحکووم کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ بەپێی حوکمێک کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقیلابی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی" بە "ئەحمەد عەلیزادە"، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای خانەنشینکراوی کوردی خەڵکی ئاودانان ڕاگەیەندراوە، ناوبراو بە تۆمەتی "بانگەشە دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی" و "بانگەشە لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی نیزام" بە ساڵێک و سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو (پلە ٥) بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکردنی پێشووی و هەروەها بە سزای تەواوکەر لەوانە ساڵێک قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت (ئەگەر هەیبێت) و ئەنجامدانی هەزار و ٨٠ کاتژمێر خزمەتگوزاریی گشتیی بێبەرانبەر لە شارەوانیی ئاودانان بۆ ماوەی ساڵێک مەحکووم کراوە.

بەپێی یاساکانی فرەبوونی تاوانەکان، دوو ساڵ لەم حوکمە جێبەجێ دەکرێت. هەروەها ناوبراو لە کاتی ڕاگەیاندنی حوکمەکەوە، ٢٠ ڕۆژ دەرفەتی ناڕەزایەتیدەربڕین بە حوکمەکەی هەبووە. ئەم حوکمە لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەحمەد عەلیزادە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەرچووە. ناوبراو ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکووکرانی ئەحمەد عەلیزادە؛

ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستا و چالی پیشەیی خەڵکی ئاودانان، لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێوارەی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ناوبراو هەروەها ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ دوای بانگکردنی بۆ دادگوستەریی ئاودانان، بە فەرمانی دادستان دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرا.

خەرمانانی ١٤٠٢ لەلایەن دەستەی سەرەتایی ڕاگەیشتن بە سەرپێچییە کارگێڕییەکانی پەروەردەی پارێزگای ئیلامەوە، بە تۆمەتی وەک "شێواندنی نەزمی گشتی"، "یاخیبوون بەرانبەر بە مەئموورانی ئەمنی"، "تێکدان و ئاگرکەوتنەوە" و "سەرکردایەتیکردنی خەڵک بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بە خانەنشینکردن بە دابەزاندنی دوو پلە مەحکووم کرا.

ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ حوکمی لقی یەکەمی دادگای ئینقیلابی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی پێی ڕاگەیەندرا کە بەپێی ئەو حوکمە بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپی زیاتر لە دوو کەس بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" و "بانگەشە دژ بە نیزام" بە شەش ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران، حەوت مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران، دوو ساڵ دوورخستنەوە لە خزمەت، دوو ساڵ نیشتەجێبوونی زۆرەملێ لە فەنووج و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە فەزای مەجازیدا مەحکووم کرا.

ئەحمەد عەلیزادە ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ئیلام ناساند و لە جۆزەردانی ١٤٠٤دا لەژێر چاودێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیدا لە زیندانی دەرەشار ئازاد کرا.

ناوبراو سەرەنجام ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بۆ جێبەجێکردنی حوکمی دوو ساڵ نیشتەجێبوونی زۆرەملێ، بەرەو شارستانی فەنووج لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان چوو و خۆی بە دادسەرای گشتی و ئینقیلابی ئەو شارستانە ناساند.