ئەگەری مەرگی زیندانییەكی سیاسیی عەرەبی ئەهواز لە گۆڕێ‌دایە

13:39 - 8 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز بڵاویان كردەوە زیندانییەكی سیاسیی عەرەبی ئەهواز بەهۆی ئەشكەنجە لە زیندان ئەگەری مەرگی نزیكە.

بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز كە بۆ ئاژانسی كوردپا نێردراوە، \"عەیدان بەیت سەیاح شاخی\" زیندانیی سیاسیی عەرەبی ئەهواز بەهۆی ئازار و ئەشكەنجەی بەردەوام لەلایەن مەئموورانی زیندان و نەبوونی پێداویستیی پزیشكیی لە بارودۆخێكی نالەبار دایە و ئەگەری مەرگی نزیكە.

بەپێی هەمان سەرچاوە عەیدان پاش تێپەڕاندنی چەند دەورەی لێپرسینەوە، لە ژوورێكی تاكەكەسیدا بووە و خراوەتە ژێر ئازار و ئەشكەنجە و بۆ چەند جارێك لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەهوازەوە رەوی زیندانی كاروون كراوە و دووبارە هێنراوەتەوە گرتنگە و ئێستا بارودۆخی جەستەیی لە رەوشێكی ناجێگیر دایە و لێپرسراوانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە خۆیان دەبوێرن و ئەمەش مەترسیی مەرگی ناوبراوی زیاد كردووە.

لە درێژەی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهوازدا هاتووە عەیدان بەیت سەیاح شاخی هاوكات لەگەڵ سەدان زیندانیی دیكەی عەرەب لە زیندانی كاروونی ئەهواز و زیندانەكانی دیكەی پارێزگای خووزستان بێبەرین لە هەرچەشنە پێداویستی و مافی زیندانییەكی سیاسی.

عەیدان بەیت سەیاح شاخی تەمەن 37 ساڵ و خێزاندار و خاوەن 4 منداڵە و مانگی بەرانباری ساڵی 1390ی هەتاوی لە ماڵەكەی خۆی لە شاری حەمیدیە لە 25 كیلۆمیتریی رۆژئاوای ئەهواز دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری ئەهواز كرا.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزیی و پشێوییەكانی ناوچە عەرەب نشینەكانی ئەهواز زۆرێك لە چالاكانی سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر و لە چەند رووداو و پێكداداندا كۆمەڵێك هاووڵاتیی عەرەب بوونە قوربانی و هەروەها نزیک بە 10 زیندانیش ئیعدام كران و چەند كەسی دیكەش چاوەڕێی حوكمی ئیعدام دەكەن.