ئەگەری لەسەر کار دەرکرانی مامۆستایەکی کوردی زانکۆی میاندواو + وێنــە

17:00 - 26 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی ئازادی ئیسلامی شاری میاندواو، هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حیراسەتی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری میاندواو لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی زانستیی ئەو زانکۆیەی لە بریکاریی بەشی ئەو زانکۆیە دەر کرد.

ناسنامەی ئەو مامۆستایەی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری میاندواو، ناسر باباخانی و خەڵکی شاری مەهاباد و هەروەها یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی ئەو شارە راگەیەندراوە.

دەگوترێت کە ئەو چالاکە فەرهەنگییە چەندین تۆمەتی وەک\" \"تەبلیغ بەدژی نیزام، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و شێواندنی بیر و ڕای خوێندکاران\" دراوەتە پاڵ.

\"15414.jpg\"
ناسر باباخانی چالاکی فەرهەنگی و مامۆستای زانکۆ
هەروەها ناسر باباخانی پاش ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواوە بانگهێشت کرا، بنەماڵەی باباخانی ئاگاداری چارەنووسی رۆڵەکەیان نین و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەی ناوبراو دروست کردووە.

دەگوترێت کە ناسر باباخانی بە یەکجاری لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری میاندواو دەرکراوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەم هەواڵە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

\"15422.jpg\"
ئەو چالاکە فەرهەنگییە و مامۆستای زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری میاندواو، ئەندامی دەستەی نووسەرانی بڵاڤۆکی \"روانگە\"ی شاری مەهابادە و پێشتریش هاوکاریی گۆڤاری سروەی کردووە.

ناسر باباخانی جێگری بەرپرسی بەشی توێژینەوەکانی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری میاندواوە و بڕوانامەی کارناسیی کیمیای لە زانکۆی مازندەران و بڕوانامەی کارناسیی باڵای لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە.