ڕاپۆرتی مەیدانی؛ ناوەندە ئەمنییەکان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەیی چین و توێژە جیاوازەکانیان خستووەتە ژێر گوشارەوە

18:27 - 16 پووشپەڕ 2726

١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران، چین، توێژ، سێنف و گرووپە جیاجیاکانی خەڵک لەلایەن حەراسەتی دامەزراوە و ئیدارە جۆراوجۆرەکانەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ناوەندە ئەمنییەکاندان، بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی "خامنەیی" خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و پێیان وتراوە کە دەبێت لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بن، ئەگینا لەگەڵ لێکەوتەی جۆراوجۆر بەرەوڕوو دەبنەوە.

فەرمانبەرانی ئیدارە دەوڵەتییەکان، کەس و بنەماڵە کەمدرامەتەکانی ژێر چاوەدێریی "بێهزیستی" و "کۆمیتەی ئێمداد" و مامۆستایانی ئایینی لە ڕیزی ئەم گرووپ و سێنفانەدان.

هەروەها هێزە خۆجێییەکانی سەر بە سپای پاسداران ڕاسپێردراون کە بە شێوەیەکی چالاکانە نەک تەنیا لە شار و ناوچەکانی خۆیاندا، بەڵکوو لە ڕێوڕەسمە حکوومەتییەکانی شارە گەورەکانیشدا بەشداری بکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییانەی لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ئێرانەوە گەیشتوونەتە دەست "کوردپا"، ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگەی بەشە جیاوازەکانی خۆیانەوە، لەوانە حەراسەتی دامەزراوە و فەرمانگە دەوڵەتییەکان، بە شێوەیەکی بەربڵاو و زۆرەملێ گرووپ، سێنف و چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکیان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی حکوومەتیی ناشتنی "خامنەیی" خستووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە. بەشگەلێک لەم ڕاپۆرتە بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛

فەرمانبەرانی ئیدارە دەوڵەتییەکان؛ ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگەی حەراسەتی ئیدارە، دامەزراوە و ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی گشتییەوە، فەرمانبەرانیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دەبێت لەم ڕێوڕەسمە حکوومەتییەدا بەشدار بن.

بە شێوەیەک کە ئیدارەکان، فەرمانبەرانی خۆیان بە زۆر و بە پاس بۆ شوێنی ڕێوڕەسمەکە دەگوازنەوە و هۆشدارییان پێداون کە لە ئەگەری خۆدزینەوە لەم کارە، لەگەڵ لێکەوتەی وەک دەرکردن یان کەمکردنەوەی مووچە بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەم زۆرلێکردن و گوشارە، لەگەڵ بەڵێنی پێدانی ئێمتیازاتی وەک بەرزکردنەوەی پلەبەندی و زیادکردنی مووچەدا بووە.

گرووپە کەمدرامەت و هەژارەکان؛ ئەو کەس و بنەماڵانەی کە لەژێر چاوەدێریی "بێهزیستی" و "کۆمیتەی ئێمداد" دان، لە ڕێگەی هەڕەشەی بڕینی یارمەتییە بەردەوامەکان، بۆ بەشداری لەم ڕێوڕەسمە حکوومەتییەدا خراونەتە ژێر گوشاری توندەوە.

گوشار و هەڕەشە لەسەر مامۆستایانی ئایینی؛ مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لەلایەن "ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژاوای وڵات"ەوە (مرکز بزرگ اسلامی غرب کشور) خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە کە دەبێت لەم ڕێوڕەسمە حکوومەتییەدا بەشدار بن؛ ئەگینا لەگەڵ لێکەوتە و سزادان لەلایەن ئەم ناوەندەوە بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەپێی بڕگەی ١٨ و ١٩ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هەر تاکێک مافی ئازادیی بیرکردنەوە، ویژدان، بیروباوەڕ و ڕادەربڕینی هەیە و هیچ کەسێک نابێت بۆ دەربڕین یان نیشاندانی باوەڕ، بیروباوەڕ یان هەڵوێستێکی سیاسی بخرێتە ژێر زۆر یان گوشارەوە.

لە حاڵەتێکدا کە کەسەکان بە هەڕەشەی دەرکردن، بڕینی هاوکارییە بژێوییەکان یان لێکەوتەکانی دیکەی ئیداری و ئەمنی ناچار بە ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمێکی حکوومەتیدا بکرێن، ڕەفتارێکی لەم شێوەیە لەگەڵ بنەماکانی ناو ئەم ماددانە، بەتایبەت بنەمای قەدەغەکردنی زۆرەملێ لە دەربڕینی بیروباوەڕ و ئازادیی هەڵبژاردنی تاکەکان، دەکەوێتە ناكۆكییەوە و بە نموونەی پێشێلکردنی ئازادیی بیروباوەڕ و ڕادەربڕین دادەنرێت.