ئاشخانە؛ ٤ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی حەمید محەممەدزادە، کوردی کرمانج و پاڵەوانی زۆرانبازیی چۆخە

18:34 - 16 پووشپەڕ 2726

١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی زۆرەملێی "حەمید محەممەدزادە"، لاوی کوردی کورمانجی خەڵکی ئاشخانە و لە پاڵەوانانی زۆرانبازیی چۆخە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ ڕۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، "حەمید محەممەدزادە"، لاوی کوردی کرمانجی خەڵکی گوندی "بیار"ی سەر بە ئاشخانە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ناوبراو ززانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پێوەندییەدا هیچ چەشنە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

هەروەها ناوبراو لە ماوەی ئەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیەدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

حەمید محەممەدزادە یەکێک لە کەسایەتییە خۆشەویست و ناسراوەکانی زۆرانبازیی چۆخە لە خۆراسانی باکوورە.

زۆرانبازیی چۆخە ناوی خۆی لە "چۆخە" (کورتەک) واتە پۆشاکی خوری و نەریتیی زۆرانبازەکانەوە گرتووە و تەکنیکەکانی لەسەر بنەمای گرتنی ئەم جلوبەرگە جێبەجێ دەکرێن.

ئەم وەرزشە لە خۆراسانی باکوور، بەتایبەت لە نێوان کوردانی کرمانجدا، تەنیا ڕکابەرییەکی وەرزشی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ناسنامەی کولتووری، دابونەریتی ناوچەیی و ڕێسا پاڵەوانییەکانی خەڵکی ناوچەکە.

پێشبڕکێیەکانی، بەتایبەت لە ڕۆژانی نەورۆزدا و لە مەیدانی "زەینەڵ‌خان"ی ئێسفەراین، ساڵانە دەیان هەزار تەماشاکەر لە شوێنە جیاجیاکانی وڵاتەوە کۆ دەکاتەوە و بە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە کولتووری و وەرزشییە لۆکاڵییەکانی ئێران دادەنرێت.

لە کولتووری خەڵکی ناوچەکەدا، پاڵەوانانی زۆرانبازیی چۆخە هێمای پیاوەتی، ئازایەتی، ئەخلاق و ڕێزگرتن لە ڕکابەرن و ئەم بوارە پێگەیەکی تایبەتی لە پاراستنی کەلەپووری کولتووریی خۆراسانی باکووردا هەیە.