تەیفوور سەلیمی بابامیری؛ ڕزگاربووی سێدارە، بۆ چارەسەری ئاسەوارەکانی ئەشکەنجە نەشتەرگەریی بۆ کرا

18:16 - 16 پووشپەڕ 2726

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥، "تەیفوور سەلیمی بابامیری" بەندکراوی سیاسیی پێشوو و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ژن، ژیان، ئازادی، کە لە سزای لەسێدارەدانی کۆماری ئیسلامی ڕزگاری ببوو، دوای نزیکەی چوار ساڵ لە کاتی دەسبەسەرکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و چەندین مانگ زیندانیکردن لە ژووری تاکەکەسیدا، لە وڵاتی فەرانسە، نەشتەرگەری بۆ دەستی چەپی کرا.

ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک باس لەو زیانانە دەکات کە بە هۆی ئەشکەنجەوە تووشی بووە و جەختی کردەوە کە ئەم قسانە بۆیە دەکات تا خەڵکی ئێران و جیهان بزانن چ کارەساتێکیان بەسەردا هاتووە.

تەیفوور سەلیمی بابامیری لەم ڤیدیۆیەدا دەڵێت: «من بەندکراوێکی سیاسیم. چوار ساڵ لەمەوبەر، لەم جۆرە ڕۆژانەدا، لە کاتی دەسبەسەرکردنمدا تووشی شکان لە دەستی چەپمدا بووم و ددانەکانم، چاو و گوێشم بە توندی زیانیان بەرکەوت.

ئەمڕۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی فەرانسە بڕیارە نەشتەرگەری بۆ دەستی چەپم بکرێت.

لە ڕاستیدا دوو نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت؛ دەرهێنانی پارچە ئێسکەکان، چاککردنەوەی تاندۆنە پچڕاوەکان و دەرهێنانی گرێیەکی کڕکڕاگەیی کە لە بن باڵمدا دروست بووە.

ئەمە تەنیا بۆ زانیاری ئەو کەسانە دەڵێم کە دەیانگوت چیتان بەسەر هاتووە؛ دەمەوێت هەموو جیهان و خەڵکی ئێران بزانن چییان لێ کردووین.»

ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی نەشتەرگەرییەکەش لە ڤیدیۆیەکدا هیوای خواست کە هیچ کەسێک هەرگیز ئەو ئازار و ڕەنجانە تاقی نەکاتەوە کە بەسەر ئەودا و کەسانی دیکەدا هاتووە.

تەیفوور سەلیمی بابامیری؛

تەیفوور سەلیمی بابامیری، لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا، هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە بانە دەسبەسەر کرا و دوای گواستنەوەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، چەندین مانگ بەبێ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکەی لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی توندەوە و لە ئەنجامدا دوو جار تووشی جەڵتە بوو، هەروەها تووشی شکانی دەست، لەجێچوونی شان، دڕانی پەردەی گوێ و زیانی جیددی لە هەردوو چاویدا بوو.

لە جۆزەردانی ١٤٠٢دا، بۆ یەکەمجار دوای دەسبەسەرکردنی، ڕێگەی پێدرا کە بە ئامادەبوونی لێکۆڵەرەکەی و بە زمانی فارسی پێوەندییەکی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت.

دوای ئەم پێوەندییە، هێزەکانی ئیتڵاعاتی ورمێ، بنەماڵە و خزمەکانیان بانگ و هەڕەشەیان لێ کردن کە لەسەر ڕەوتی دۆسییەکە لەگەڵ میدیاکاندا قسە نەکەن.

ناوبراو پێش گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، نزیکەی چوار مانگ لە گرتنگە ئەمنییەکانی بانە، سنە، بۆکان و ورمێدا لێکۆڵینەوەی لێ کرا.

لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا، بنەماڵەی تەیفوور سەلیمی بابامیری بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسیان لە خراپیی باری تەندروستیی ئەو کرد و ڕایانگەیاند کە ناوبراو لەگەڵ ١٣ تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسییەیە کە پێکهاتوون لە: "هێمن کرمانج"، "جەلیل مەلوودی"، "سۆران (عەلی) قاسمی"، "ئەحمەد مامەزادە"، "پژمان سوڵتانی"، "ڕزگار بەیگزادە بابامیری"، "کاوە ساڵحی"، "سیامەک هەیاسی"، "جەوانمەرد مام‌خۆسرەوی"، "سالار داغدار"، "سوارە عەزیززادە"، "حوسێن حوسێن‌زادە" و "سەڵاحەدین ئەحمەدی"، دوای نزیکەی ١٤ مانگ هێشتا بەبێ ڕەوتی دادوەری لە دەسبەسەریی کاتی و لە کاتێکدا کە چارەنووسیان ناڕوونە لە بەندیخانەی ورمێدا ڕاگیراون.

بنەماڵەکان هەروەها ڕایانگەیاند کە سەرەڕای ناساندنی پارێزەرانی هەڵبژێردراو و داواکارییان بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەو بەندکراوانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە، دادگا بەو پاساوەی کە دۆسییەکە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تەواو نەکراوە، دژی ئەم داواکارییە وەستاوەتەوە.

لە هەمان ڕاگەیەندراودا جەخت کرایەوە کە تەیفوور بەهۆی لێکەوتەکانی نەخۆشیی دڵ کە بەهۆی دوو جار جەڵتە لەژێر ئەشکەنجەدا تووشی ببوو، پێویستیی بەپەلەی بە چارەسەر لە دەرەوەی بەندیخانە هەیە، بەڵام سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی پزیشکی بەندیخانەکە، ڕێگری لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٣، تەیفوور سەلیمی بابامیری بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی هەتا کاتی کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردنەکەی، بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

لە ڕەزبەری ١٤٠٤دا، دوای چەندین مانگ لە ژیانی نهێنی، ئێرانی بەجێ هێشت و گەیشتە وڵاتی فەرانسە.

ئەم دۆسییەیە ١٤ تۆمەتباری تێدایە.

لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا نەجەف‌زادە" و بە ڕاوێژکاریی "ئیسماعیل بەزرکاری"، بۆ پێنج تۆمەتباری سەرەکیی دۆسییەکە کە پێکهاتبوون لە "عەلی (سۆران) قاسمی"، "ڕزگار بەیگزادە بابامیری"، "پژمان سوڵتانی"، "کاوە ساڵحی" و "تەیفوور سەلیمی بابامیری" لە کۆی گشتیدا ١١ سزای لەسێدارەدانی دەرکرد.

بەپێی ئەم بڕیارە، ڕزگار بەیگزادە بابامیری بە تۆمەتەکانی "بەغی"، "سەرکردایەتی و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری باغی" و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە سێ جار لەسێدارەدان؛ عەلی قاسمی بە تۆمەتەکانی "بەغی"، "موحاربە" و "سەرکردایەتی و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری باغی" بە سێ جار لەسێدارەدان؛ پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی هەرکامەیان بە تۆمەتەکانی "بەغی" و "موحاربە" بە دوو جار لەسێدارەدان و تەیفوور سەلیمی بابامیری بە تۆمەتی "سەرکردایەتی و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری باغی" بە یەک جار لەسێدارەدان مەحکووم کران.

ئەم پێنج کەسە هەروەها بە تۆمەتگەلێکی وەک "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنی ئیسرائیل لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەرکە هەواڵگرییەکانی مووساد"، "بەشداری لە قاچاخی ١٢٠ ئامێری ستارلینک"، "ورووژاندن و پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "کۆبوونەوە و تێوەگلان دژی ئاسایشی وڵات" بە پێنج تا ١٥ ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی کۆی گشتی ٣٥٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کران.

هەروەها بۆ هەشت تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسییەیە کە پێکهاتوون لە "سیامەک هەیاسی"، "سوارە عەزیززادە"، "هێمن کرمانج"، "حوسێن حوسێن‌زادە"، "جەلیل مەلوودی"، "ئەحمەد مامەزادە"، "جەوانمەرد مام‌خەسرەوی" و "سالار داغدار" بە تۆمەتگەلێکی وەک "ئەندامەتی لە گرووپی باغی"، "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنی ئیسرائیل" و "سووکایەتیکردن بە ڕێبەر"، سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی نەختی دەرکرا.

"سەڵاحەدین ئەحمەدی"یش لە تۆمەتەکانی ئەم بەشەی دۆسییەکە بێبەری کرا، بەڵام دۆسییەیەکی جیاواز بە ناونیشانی تۆمەتی "دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم" لە دژی کرایەوە و ڕەوانەی دادگای تاوانەکان کرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، دۆسییەی ئەم ١٤ هاووڵاتییە لە ٣٣ بەرگدا لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێوە ڕێکخرابوو و تەواوی بەڵگەنامەکانی تەنیا لەسەر بنەمای ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دانپێدانانە وەرگیراوەکان لە گرتنگە ئەمنییەکاندا بووە و هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ و باوەڕپێکراو ڕادەستی دادگا نەکرابوو.

لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤دا، لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات دوای پێداچوونەوە بە داواکاریی پێداچوونەوەی کۆتایی "پێژمان سوڵتانی"، "ڕزگار بەیگزادە بابامیری"، "عەلی (سۆران) قاسمی"، "کاوە ساڵحی" و "تەیفوور سەلیمی بابامیری"، سەرجەم ١١ سزای لەسێدارەدانە دەرچووەکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی مەهاباد کرد.

هەروەها لە ڕۆژانی دواییدا، دادگای تاوانەکانی ورمێ سەرجەم تۆمەتبارانی ئەم دۆسییەی لە تۆمەتی "دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم" بێبەری کرد کە بە دانانی بارمتە ئازاد بوون.