بەندیخانەی ئیلام؛ دەیەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی زەهرا محەممەدوەلی لە ٤٦ـەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانیدا
١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ "زەهرا محەممەدوەلی"، ژنی لاوی تەمەن ٢٧ ساڵی بەندکراو لە بەندیخانەی ئیلام، لە چلوشەشەمین ڕۆژی دەسبەسەرکردنی زۆرەملێ و ناڕوونیدا، نزیکەی دوو حەفتەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دەسبەسەرکردن، ناڕوونیی چارەنووسی و بەردەوامیی لێکۆڵینەوە یەک لەدوای یەکەکان دەستی داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، مانگرتنەکەی بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی هێشتا بەردەوامە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ "زەهرا محەممەدوەلی" ١٠ ڕۆژە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی، ڕاگرتنی بە چارەنوسی ناڕوون و بەردەوامیی لێکۆڵینەوە دووبارەبووەوەکان لە بەندیخانەی ئیلام دەستی داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن.
هەرچەند لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی مانگرتنەکەی لە خواردن، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێدراوە، بەڵام مانگرتنەکەی ئێستا لە دەیەمین ڕۆژیدا هێشتا بەردەوامە.
"زەهرا محەممەدوەلی"، ژنی لاوی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی ئاودانان و دانیشتووی دێهلۆڕان، ڕۆژی دووهەمی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ناوبراو دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازرایەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پێوهندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
هەروەها ناوبراو تا ئێستاش لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشە.