ئەگەری لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لەئارادایە

18:32 - 18 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی، لە گرتووخانەی شاری ورمێ، چالاکێکی سیاسیی کوردیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانیی سیاسی کورد محەممەد عەبدوڵڵاهی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، هەژدەی گەلاوێژ، لە شوێنی ڕاگیرانی لە بەندی ١٢ی گرتووخانەی دەریا لە ورمێ، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢دا، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر محەممەد عەبدوڵڵاهی‌دا سەپاندووە.

سەرچاوەیەکی هەواڵ لە شاری بۆکان کە شوێنی لەدایکبوونی ئەو چالاکە سیاسییەیە، بە کوردپای ڕایگەیاند کە، بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی لەترسی ئێعدام کرانی محەممەد چوونەتە ورمێ.

هەروەها بەڕێوەبەرانی گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، بە شێوەی زارەکی ئەگەری جێبەجێ بوونی حوکمی ئێعدامی \"محەممەد عەبدوڵڵاهی\"ـیان ڕاگەیاندووە.

گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هاوڕێ لەگەڵ پێنج کەسی دیکەی ناو گرتووخانەکە بووە کە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەریان لەسەرە.

بڵاوبوونەوەی ئەگەری لەسێدارەدانی محەممەد عەبدوڵڵاهی لەکاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر بەمانگرتن لەخواردن، بەتوندی هەرچەشنە تۆمەتی \"محاربە\" و\" اقدام علیە امنیت ملی\" ڕەت کردووەتەوە و خوازیاری دادگایی کردنێکی دادپەروەرانەی بووە.

ئەو زیندانییە تەمەن ٣٥ ساڵە خێزاندارە، ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٨٩، لەلایەن سپای پاسدارانی مەهابادەوە دەستبەسەر و پاشان کەسێک بەناوی \"قاضی جوادی‌کیا\" لە دادگای شۆڕشی ئەو شارە، حوکمی ئێعدامی بۆ دەرکردووە.

برایەكی دیكەی محەممەد عەبدوڵڵاهی بە ناوی \"محەممەدئەمین\"یش لە پاییزی ساڵی ١٣٨٤دا، دەستبەسەر كرا و حوكمی ١٨ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی \"تەبەس\"ی بەسەردا سەپێندرا.