ئەگەری سەپاندنی دوو ساڵ زیاتر زیندانی بە سەر سەعید شێرزاد

15:21 - 28 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سەعید شێرزاد زیندانی سیاسی کورد لە زیندانیی ڕەجایی شاری کەرەج بە تۆمەتی \"تێکدانی کەرەستەی دەوڵەتی\" لانیکەم دوو ساڵ زیندانی دیکەی بە سەردا دەسەپێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، سەعید شێرزاد لەگەڵ ئیبراهیم فیروزی، ئەمیر قازییانی و سەعید پوورحەیدەر بۆ جیاکردنەوەی تۆمەتەکانیان بۆ لقی ٣ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای زیندانی ئیڤین بردرابوون.

بە وتەی حسێنی، لێکۆڵەری لقی ٣، سکاڵا لە سەر ئەو زیندانییانە بە پێی بەڵگەکانی بەرپرسی پێشووی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، محەممەد مەردانی و دادیاری چاوەدێری لە سەر زیندانیانی ئەمنیەتی ڕەجای شاری کەرەج، حاجی مواردی بووە.

لێکۆڵەر حسێنی بۆ هەر کام لەو زیندانییانە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا بڕیاری کەفالەتی ٧٠ میلیۆن تمەنییان بۆ بڕدراوتەوە و دووپات کراوە کە لە ئەگەری سەلماندنی ئەو تۆمەتە ئەو چوار زیندانییە هەرکامەیان دوو ساڵ زیندانی زیاتریان بە سەردا دەسەپێت.

سەعید شێرزاد، چالاکی مافی منداڵانی کار، زیندانی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج کە ماوەی ٦ ساڵ زیندانی بوونەکەی لەو زیندانە تێدەپەڕێنێ، هەتا ئێستا چەند جارێک سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری زیندان دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوتەوە.

پاش مانگرتنی ئەم دواییانەی کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی ڕەجایی شاری کەرەج بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە گواستنەوەی ئەم زیندانییانە لە ساڵونی ١٢ی زیندان بۆ ساڵونی ١٠ لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، سەعید شێرزاد لەگەڵ ٧ زیندانی سیاسی دیکەی مانگرتوو بە تۆمەتی \"تێکدانی نەزم و دانی دروشم دژی ڕێبەری نیزام و بەرپرسانی حکوومەتی\" لە لایەن لێکۆڵەری لقی ٦ی دادسەرای گشتی٢٣ی موقەدەسی شاری تاران لە ڕێكەوتی ٣٠ مانگی گەلاوێژ بڕیاری دەستبەسەرکردنی لە زیندان هەتا کاتی دادگایی کردنەوە بۆ دەرچووە.

بە پشتبەستن بە پڕینێت ڕاگەیەندراوی بارودۆخی زیندانیی، ڕۆژی ١٤ خەرمانان حوکمی یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی ئەم زیندانییە لە کۆی ٥ساڵ زیندانییەوە مسۆگەر بووە و حوکمەکەش بە ٦ ساڵ زیندان پێی راگەیەندراوە و لە ئەگەری سەلماندنی ئەو تۆمەتە و بڕینەوەی حوکمەکەی، دوو ساڵ زیندانی زیادی بە سەردا دەسەپێت.