ئەگەری دەرهێنانی چاوی یەکێک لە برینداربووانی تەقینەوەی گولـلە تۆپ لە جوانڕۆ

15:54 - 22 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆخی تەندروستیی یەکێک لە کچەکانی بنەماڵەی فەلاح، کە بە هۆی تەقینەوەی گولـلە تۆپێکی بەجێماو بە توندی بریندار ببوو، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیلنا\"، لە زاری بەرپرسی بێهزیستی شاری سەلاسی باوەجانی بڵاوی کردەوە، یەکێک لە کچەکانی بنەماڵەی فەلاح، بە ناوی بەهارە، کە لەو ڕووداوەدا چاوی بە توندی بریندار بووە، ئەگەری دەرهێنانی چاوی لە ئارادایە.

حوسێن مەحموودی هەروەها ڕایگەیاند: زارا، یەکێکی دیکە لە کچەکانی ئەو بنەماڵەیە کە بە دەست نەخۆشی \"ئم.ئسـ\"ـەوە گرفتارە، لەو ڕووداوەدا بریندار بووە.

کاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو، بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە گولـلە تۆپە بەجێماوەکان لە گوندی \"شێخ سڵە\" لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، ٦ ئەندامی بنەماڵەیەک کوژرا و بریندار بوون.

شوناسی کوژرا و برینداربووەکانی ڕووداوی ئەو تەقینەوە، بریتین: \"جەلیل فەلاح\" (کوژراو)، \"پیرۆزە\"، \"بەهارە\"، \"زوهرە\"، \"خەلیل\" (برینداربووان).

ڕووداوی تەقینەوەی ئەو گولـلە تۆپە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ساڵێکە سەرپەرەستی ئەو بنەماڵەیە کۆچی دوایی کردووە و دایکی ئەو برینداربووانە سەرپەرەستیی ئەو بنەماڵەیەی لە ئەستۆ بووە.

لینکی پەیوەندیدار:
تەقینەوەی گولـلە تۆپێکی بەجێماو، ٦ کوژرا و برینداری بنەماڵەیەکی لێ کەوتەوە