ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ئەندامێکی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە تورکیە بۆ ئێران

10:38 - 4 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسی کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانە، ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیەوە بۆ ئێران لە ئارادایە.

"عادڵ بەهرامی"، چالاکێکی سیاسی و ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کە لە زیندانی "ئانتالیا"ی تورکیەدایە، مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەرە.

ماڵپەڕی "ئاسۆی ڕۆژهەڵات" لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، خەڵکی کامیارانە کە لە زیندانی شاری "ئانتالیا"ی وڵاتی تورکیەدایە و  بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە بۆ زیندانی شاری "ئاگرێـ"ـی کوردستانی باکوور گوێزراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە پێی ڕاگەیەندراوە کە بڕیار وایە بۆ ئێران دیپۆرت بکرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، ئەو چالاکە سیاسییە بە مەبەستی سەفەر بۆ ئورووپا لە وڵاتی تورکیە نیشتەجێ بوو کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر کراوە. ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە یەکێک لە هاوڕێیانی ڕاگەیاندووە کە بڕیار وایە لەم ڕۆژانەدا دیپۆرت بکرێتەوە بۆ ئێران.

"عادڵ بەهرامی" هەروەها ڕایگەیاندووە: "لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە زیندانی شاری "ئانتالیا" بۆ زیندانی شاری "ئاگرێـ"ـی کوردستانی باکوور گوێزراومەتەوە و لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە پێیان ڕاگەیاندووم کە بڕیار وایە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوو بۆ ئێران دیپۆرت بکرێمەوە".