ئەگەری دوو کەرت بوونی گۆلی ورمێ لەئارا دایە

20:53 - 23 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک وێنەی نوێی ماهوارەیی داکشانی رێژەی ئاوی گۆلی ورمێ و دەرکەوتنی ٢ دوورگەی بچووک لە باکووری ئەو گۆلە نیشان دەدەن.

هەواڵدەریی مێهر لە نیوەی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، بە بڵاو کردنەوەی ٣ وێنە، ئاستی ئاوی \"گۆلی ورمێ\"ی لەگەڵ ساڵی رابردوو بەراورد کردووە و باسی لە دوو کەرت بوونی ئەو گۆلەی کردووە.

بە سەرنجدان بە دۆخی هەنووکەیی ئەو گۆلە، دەتوانین ئاماژە بە جێبەجێ نەکرانی زیاتر لە ٩٠%ی بڕیار و پرۆژەکانی رزگار کردنی گۆلی ورمێ و کارامە نەبوونی بەرپرسان بکەین.

\"9746.jpg\"
بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران رایگەیاندووە: لە بڕی بوودجەی ٢٦٤ میلیارد تمەنیی ساڵی رابردوو، تەنیا ١٠% ی پرۆژەکانی رزگار کردنی گۆلی ورمێ کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا \"عابید فەتاحی\" نوێنەری شاری ورمێ لە مەجلیس، رەخنەی توندی لە پێرانه‌گەیشتن به گۆلی ورمێ له بەرپرسان گرت و رایگەیاند کە ئەو گۆلە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو لەناوچوون دەچێت.

لە ئێستادا ئیدارەی ژینگەپارێزی، وەزارەتی کشتووکاڵ، ئیدارەی ئاوی ورمێ، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا و وەزارەتی وزە، لە بەرپرسانی سەرەکیی رزگار کردنی ئەو گۆلە ناسێنراون، بۆیە لەنەبوونی بەرپرسیارەتییەکی یەکدەست و کارامە، هەڕەشەی وشک بوونی گۆلی ورمێ زیاتر دەبێت.

گۆلی ورمێ بە رووبەری ٥٧٠ هەزار هێکتار، زیاتر لە ١٠٠ دوورگەی گەورە و بچووکی تێدا هەڵکەوتووە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی بەستنی چەندین بەنداو لە دەور و پشتی ئەو گۆلە، بەروڕووی وشک بوون و لە ناوچوون بۆتەوە بە شێوەیەک کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ ٦ میتر نیشتنەوەی بەخۆیەوە بینیوە.