بەندیخانەی ورمێ؛ نوسرەت خالیدی، بەندکراوی مەحکووم بە لەسێدارەدان، دوای سێ ڕۆژ ئازاری دڵ و گواستنەوەی درەنگوەخت بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، بەندکراوێکی کوردی خەڵكی ورمێ بە ناوی «نوسرەت خالیدی» کە لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتەکانی «ماددەی هۆشبەر» لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەند کرابوو و لەژێر سزای لەسێدارەداندا بوو، بەهۆی نەخۆشیی دڵ و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و گواستنەوەی درەنگوەخت، گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «نوسرەت خالیدی»، بەندکراوی کوردی مەحکووم بە «لەسێدارەدان» کە لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتەکانی «ماددەی هۆشبەر» لە بەندیخانەی ورمێ بەند کرابوو، سێ ڕۆژ تووشی ئازاری توندی دڵ بووەتەوە و سەرباری داواکاریی بەردەوام، نەگوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە سێیەم ڕۆژدا کە دەبێتە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە دوای توندبوونی ئازاری دلّی، بۆ نەخۆشخانەی «سەیدوشوهەدا»ی ورمێ دەگوازرێتەوە؛ ئەویش بە دەیان پاڕانەوەی بنەماڵەکەی و پاڵپشت و واسیتە و ڕاسپاردن لە سیستەمی بەندیخانەدا و هەوڵەکانی بەندکراوانی تر. بەڵام ناوبراو تەنیا لە ١٠ خولەکی یەکەمی ئامادەبوونی لە نەخۆشخانەدا، لەکاتێکدا توانیبووی چەند وشەیەک لەگەڵ نزیکەکانی قسە بکات، گیانی لەدەست دەدات.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، نوسرەت خالیدی پێشتر هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دلّی نەبووە و تەنیا نەخۆشیی گورچیلەی هەبووە، بەڵام لە یەک ساڵی ڕابردوودا کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بوو، لەژێر گوشاری توند و ناڕەحەتیی بەردەوامدا بوو و بە گرتنی پارێزەر ناڕەزایەتیی بەرانبەر سزای لەسێدارەدانەکەی دەربڕیبوو، بەڵام هیچ هیوایەکی بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی نەبوو و بەردەوامیی ئەم گوشارانە بووە هۆی جەڵتەی دلّی ناوبراو.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «نوسرەت خالیدی» کوڕی حسێن، خەڵكی ئاوایی «سنجی» سەر بە پارێزگای ورمێ، خێزاندار و خاوەنی ٥ کچ بووە کە یەکێک لە کچەکانیشی خاوەن پێداویستیی تایبەت (کەمئەندام) و ئیفلیج بووە و توانای هیچ جۆرە جووڵەیەکی نییە.