ئەگەری ئازادکردنی عەدنان حەسەن پوور لەئارادایە

15:30 - 3 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانی سیاسی کورد بە مەبەستی جێبەجی کردنی یاسای نوێی سزای ئیسلامی لەمەریوانەوە بۆ زیندانی سنە راگوێزران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی ئیداریی زیندانەکانی ئوستانی کوردستان سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان، سێ زیندانی سیاسیان بە ناوەکانی عەدنان حەسەن پوور، فەرهاد شەفیع زادە و \"تەها ئەحمەدی\"یان لەزیندانی مەریوانەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی سنە راگواستووە.

\"28468.jpg\"
عەدنان حەسەن پوور رۆژنامەنووس
راگواستنی ئەو زیندانیانە لەژێر کەشی توندی ئەمنیەتییدا و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەنجام دراوە.

هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو٣ زیندانیانە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی راگوێزرابن.

بە پێی ئەو مادە یاساییە تاوانبارانی زیندانی کە بە \" چەندین سزا\" ناسراون، لەلایەن دادگاوە تەنیا ئەو سزایەیان بۆ لەبەر چاو دەگیرێت کە ماوە و قورسایی سزاکەی زیاتر بێت.

عەدنان حەسەن پوور کە ماوەی ٩ ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە بە پیشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانی لەکوردستان و ئێران ئەژمار دەکرێت و لە بانەمەڕی ساڵی رابردووەوە بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزرابوو.

دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە ١٦ ساڵ زیندانی حوکم داوە.

\"28469.jpg\"
فەرهاد شەفیع زادە، خوێندکاریی شاری مەریوان
لەلایەکی دیکەوە فەرهاد شەفیع زادە، خوێندکاریی شاری مەریوان کە رۆژی رابردوو لەگەڵ دوو کەسی دیکە بۆ سنە گوازراونەتەوە لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣وە لە زیندان دایە و بە یەک ساڵ بەندکردن حوکم دراوە.

سەبارەت بە تەها ئەحمەدیش کە بە تۆمەتی ئەندامیەتی لەیەکێک لەحیزبە کوردییەکاندا دەستبەسەر کراوە، بە ١٠ سال زیندانی کردن حوکم دراوە و ٧ ساڵی لەو حوکمە تێپەڕاندووە.