ئەکبەر گەوێڵی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

10:39 - 28 بەفرانبار 2720

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، "ئەکبەر گەوێڵی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بەڕێوە چووە و ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی بانەمەڕ، حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو چالاکە مەدەنییە بە حوکمی دادگای سەرەتایی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

"ئەکبەر گەوێڵی"، ڕۆژی شەممە ١٦ی سەرماوەزی ٩٨ پاش ئامادەبوونی لە دادگوستەریی سنە دەسبەسەر کرابوو و مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ١٧ی خەرمانانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوو.