ئەکادیمیای وەرزشیی هۆزان لە قوروە، لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە هەوڵی داخرانی ئەدرێت

20:08 - 27 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئیدارە حکوومی و ناوەندە ئەمنییەکانی شاری قوروە لە هەوڵی داخستنی باشگایەکی وەرزشی رەزمی ئەو شارەدان و ئەمەش نیگەرانیی لاوانی ئەو شارەی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، باشگای هۆزان، کە بە ئەکادیمیای وەرزشە رەزمییەکان دادەندرێت و لە ژێر چاوەدێری و راهێنەریی ناسر موفاخری، راهێنەری کوردا چالاکی دەکات، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هەوڵی داخستنی دراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەکادیمیایی وەرزشە رەزمییەکانی قوروە، کە چەندین جار لەلایەن ئەماکینی ئەو شارەوە \"پلۆمپ\" کراوەو سەرلەنوێ کراوەتەوە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو شارە، بە کردەوە هەوڵی داخستنی ئەو باشگایە ئەدەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، بەرپرسی ئیدارەی وەرزشی شاری قوروە، بەرپرسی هەیئەتی کۆنگفۆی ئوستانی کوردستان و یەکێک لە شاگردەکانی پێشووی ناسر موفاخری کە لەو ئەکادیمایایەدا بۆتە مامۆستا، هەوڵی داخستنی ئەکادیمیای وەرزشە رەزمییەکانی هۆزاندان.

ئەکادیمیای هونەرە رەزمییەکانی هۆزان، کە ساڵی ١٣٧٧ دامەزراوەو لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئێستا بەردەوام ١٥٠ کەس لە ژێر چاوەدێریی ناسر موفاخریدا سەرقاڵی مەشق و راهاتنی وەرزشی رەزمیی بوون.

\"23697.jpg\"
ناسر موفاخری راهێنەری ئەکادیمیای هۆزان لە شاری قوروە
ئەو ئەکادیمیایە، لە قۆناغی لاوان منداڵان و مێرمنداڵاندا خولی پەورەدەیی وەرزشی رەزمی بەڕێوەدەبات و لە ئیستادا ٤ کەسی لە تیمی میلیی ئێراندا هەیە و هەتا ئێستا دەیان کەسی پەروەردەکراو لەو ئەکادیمیایەدا لە ئاستی ئێران، ئاسیایی و جیهانیدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.

فەرهاد مورادنەژاد لە باکۆ، مستەفا حاجی مورادی لە ئیستانبوڵ، حوسێن کەریمی پیدرام لە زاهیدان و ئارەش مورادی لە کیش، توانیویانە لە رکابەرییەکاندا، پاڵەوانەتی بەدەست بێنن.

لە ماوەی رابردووشدا سورەیا یارعەلی یەکێک لە کچە وەرزشکارەکانی ئەو ئەکادیمیا وەرزشییە، بۆ یەکەمین جار لە رکابەرییەکانی ئوستانی کوردستاندا میداڵیای زێڕی بەدەست هێنا.

هەوڵی بەردەوامی بەرپرسانی حکوومەتی و ئەمنیەتی لە شاری قوروە، لەمەڕ داخستنی ئەکادیمیای وەرزشە رەزمییەکانی ئەو شارە، نیگەرانیی لای لاوان و شاگردانی ئەو ئەکادیمیایە دروست کردووە.