سەقز؛ زیاتر لە حەفتەیەک دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ڕەزا ڕەجەبی

18:39 - 13 پووشپەڕ 2726

١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەفتەیەک  لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ڕەزا ڕەجەبی»، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلەفنی لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: «ڕەزا ڕەجەبی»، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و لە کاسبکارانی بازاڕی ئەم شارە، سەرەتای پووشپەڕی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.