پیرانشار؛ بانگکردنی بنەماڵەی پێشمەرگە گیانلەدەستداوەکان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و زەوتکردنی مۆبایلی ژمارەیەک لەوان بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنەی "خامنەیی"
١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر گیانلەدەستدانی ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەک لە بنەماڵەی گیانلەدەستداوان لە پیرانشار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کران و وێڕای بێڕێزی و هەڕەشەکردن لێیان، بە زۆرەملێ مۆبایلی ژمارەیەکیان زەوت کراوە تا وێنەی "خامنەیی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیاندا بڵاو بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند؛ ئەمڕۆ شەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ژمارەیەک لە بنەماڵەی پێشمەرگە گیانلەدەستداوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار، سەر بە پارێزگای ورمێ، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کران و وێڕای بێڕێزی پێکردنیان، بە زۆرەملێ و هەڕەشە لە داوایان لێ کرا مۆبایل و ڕەمزەکانیان بخەنە بەردەستی هێزە ئەمنییەکان. کاتێک بنەماڵەکان لەم کارە زۆرەملێیە خۆیان پاراست، هێزە ئەمنییەکان مۆبایلی ژمارەیەک لەوانیان بە زۆر لێ سەندن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیاندا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی وێنەی "خامنەیی".
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد؛ لە ستۆریی ئینستاگرامی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی «فەردین چەنگیزی» کە بلۆگەرە، وێنەی «خامنەیی» بڵاو کراوەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مۆبایل و ئەکاونتی ئینستاگرامی ئەم کەسە هێشتا لەبەردەست ناوەندە ئەمنییەکاندایە. هەروەها مۆبایلی ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەکان هەتا ئێستاش لە دەست هێزە ئەمنییەکاندایە و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکان نەکراونەتەوە.
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە دوای هێرش و تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرووپێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەش پێشمەرگەی ئەم حیزبە گیانیان لەدەست دا. دامەزراوە ئەمنی و حکوومەتییەکان تەرمەکانیان ڕادەست نەکردووەتەوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان کراوە کە مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان نییە و نابێت خەڵک بێنە دیداریان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند؛ لە دوای گیانلەدەستدانی ئەم پێشمەرگانە، دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ ئەوەی سەبارەت بە تەرمەکان هیچ بە بنەماڵەکان بڵێن و ڕادەستیان بکەنەوە، پێیان ڕاگەیاندوون کە مافی شینگێڕان و ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان نییە و خەڵکیش مافی نییە بێتە دیداریان.