پارتی ئازادیی کوردستان؛ تێرۆرکردنی سۆران محەممەدزادە، ئەندامی تەشکیلاتی گشتیی خۆی پشتڕاست کردەوە

17:43 - 13 پووشپەڕ 2726

١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ پارتی ئازادیی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، تێرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامانی تەشکیلاتی گشتیی خۆی بە ناوی «سۆران محەممەدزادە»ی پشتڕاست کردەوە و نووسیویەتی کە ناوبراو لەلایەن «بەکرێگیراوان»ی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق تێرۆر کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستان کە لە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ ئامادە کراوە و ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕ لە میدیای فەرمیی ئەم حیزبەدا بڵاو کراوەتەوە، «سۆران محەممەدزادە»، ئەندامی تەشکیلاتی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان، «لە ڕێگەی خائینان و بەکرێگیراوە خۆجێییەکان» و لەلایەن «تیمێک لە بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران»ەوە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ تێرۆر کراوە و تەرمەکەی دوای حەفتەیەک بەخاک سپێردراوە.

ئەم حیزبە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە وردەکارییەکانی ئەم تێرۆرە نەکردووە و نووسیویەتی کە چەند کاتژمێرێک دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە، زانیاریی پێویستی سەبارەت بە چۆنیەتییەکەی بەدەست هێناوە، بەڵام بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قۆستنەوەی هەواڵگری لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو و وردەکاریی زیاتر خۆی پاراستووە.

پێشتریش ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابووەوە. «هونەر ئەحمەد»، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە هەمان ڕۆژە سەرەتاییەکاندا لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسیبووی کە تەرمی سۆران محەممەدزادە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێردا دۆزراوەتەوە. ناوبراو پاشان لە پۆستێکی دیکەدا ئیدیعای کردبوو ئەو کەسەی کە ئەم تێرۆرەی ئەنجام داوە، گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.

تاکوو ئێستا میدیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەزگای دادوەریی ئەم ناوچەیە لەم پێوەندییەدا هیچ هەواڵێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.