سوما ڕەحیمی؛ باوکم بە ناهەق کوژرا، دەمەوێت دەنگی هەموو ئەو کۆڵبەرانە بم کە لە بێدەنگیدا کوژران

13:19 - 14 پووشپەڕ 2726

١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ ڕۆژێک دوای کوژرانی «وەزیر ڕەحیمی»، کۆڵبەری تەمەن ٥٧ ساڵانی خەڵکی شاهۆ، کچەکەی «سوما ڕەحیمی» بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک، وێڕای ئاماژەدان بە کوژرانی باوکی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی هەنگی سنووری لە نەوسوود، وتی: "باوکم بە ناهەق کوژراوە و تەواوی خۆشی و هیوای ژیانیان لێ سەندمەوە. دەمەوێت نەک هەر تەنیا دەنگی باوکم، بەڵکوو دەنگی هەموو ئەو کۆڵبەرانە بم کە لە بێدەنگیدا کوژران و کەس باسی لێوە نەکردن."

دەقی تەواوی قسەکانی «سوما ڕەحیمی» کچی کۆڵبەری کوژراو وەزیر ڕەحیمی:

"سڵاو، ویستم ئەم ڤیدیۆیە بە فارسی تۆمار بکەم تا هەموو جیهان تێبگەن کە من تازیەبارم. من کچە بچووکەکەی هەمان پیاوە ٥٧ ساڵەکەم کە هێزەکانی هەنگی سنووری بەزەیییان پێدا نەهات و لە نەوسوود کوشتیان. من ئەو کچەم کە ئیتر باوکی نییە. من ئەو کچم کە تەنیا دڵخۆشیی ژیانی باوکی بوو، بەڵام ئێوە باوکمتان لەمن سەندەوە. باوکم هیچ بارێکی پێ نەبوو. ڕاستەوخۆ تەقەتان لێکرد. قووڵیی برینەکەی هێندە قورس بوو کە دەسبەجێ گیانی لەدەست دا. باوکم زۆر مرۆڤێکی باش بوو. ئازاری بە مێروولەش نەدەگەیشت. بەڵام ئێوە ڕاستەوخۆ تەقەتان لێکرد و کوشتتان. باوکم پێنج منداڵی هەبوو. ئێستا هەموومان هەتیو کەوتووین. من تەواوی دڵخۆشیی ژیانمم لەدەست دا. دڵخۆشیتان لێ سەندمەوە. من ئەو کچەم کە دوێنێ باوکی بە دەستەکانی خۆی بە خاک سپارد و ماڵاوایی لێکرد. دەمەوێت دەنگی باوکم بم، نەک تەنیا دەنگی باوکم، بەڵکوو دەنگی تەواوی ئەو کۆڵبەرانە بم کە لە بێدەنگیدا کوژران و کەس باسی لێوە نەکردن. دەمەوێت ئەم ڤیدیۆیە بڵاو بێتەوە (وایراڵ بێت) و هەمووان بزانن کە باوکم بە ناهەق کوژرا. برینەکەی هێندە قورس بوو کە دەسبەجێ گیانی لەدەست دا. باوکم دوێنێ، هەینی ١٢ی پووشپەڕ، ئێمەی جێهێشت. باوکمتان لێ سەندمەوە. من هێشتا نەبوومەتە ٢٥ ساڵ. دە ڕۆژی دیکە ڕۆژی لەدایکبوونمە. دەمویست ڕۆژی لەدایکبوونم لەگەڵ باوکم ئاهەنگ بگێڕم، بەڵام ئێوە نەهێشتن. باوکمتان لێ سەندمەوە و ئێمەتان بێ باوک کرد. دەمەوێت ئەم ڤیدیۆیە بڵاو بێتەوە و هەمووان بزانن کە باوکم بە ناهەق کوژرا".

«وەزیر ڕەحیمی"، کۆڵبەری تەمەن ٥٧ ساڵ، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ لە سنووری «شۆشمێ» کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

"وەزیر ڕەحیمی» خەڵکی گوندی «مەنسوورئاغایی» سەر بە بەشی شاهۆ، هەڵکەوتوو لە شارستانی ڕوانسەر و خێزاندار و باوکی ٥ منداڵ بووە.