ئەهواز/ ڕێگە لە چالاکیی زیندانیانی سیاسیی عەرەب گیراوە

13:14 - 24 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندان لە دووهەمین زیندانی گەورەی شاری ئەهواز، گوشارەکانی سەر دەیان زیندانی سیاسی زیاد دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕاگواستنی زیندانیانی سیاسیی عەرەب، لە بەندی ٨ەوە بۆ بەندی ٦ی زیندانی کاروونی ئەهواز، کێشەی زۆری بۆ ئەو زیندانییانە دروست کردووە.

شوێنی کەم، نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی وەک سرویسی بێهداشتی، شوێنی حەوانەوە و کەرستەی گەرم‏کەرەوە، بارودۆخیکی بۆ زیندانیان پێک هێناوە کە ئەو ٧٠ زیندانییە سیاسییانە کە زۆربەیان عەرەبن دوو هێندە لە ژێڕ گوشاردان.

ماوەیەک پێش ئەو زیندانیانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین لە دۆخی ناڵەباری زیندان، دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران ڕایانگەیاند کە؛ \"بارودۆخی نائینسانی\"ی زیندانی کاروون، بووەتە هۆی ئەوەی کە هەڵسووڕانی زیندانییەکان کەم بێتەوە.

پێشتریش، ڕاپۆرتیک سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای ئانفلۆنزا لە ناو زیندانیانی زیندانی کاروون‏دا بڵاوبووە.

لەسەرەتای ساڵی ١٣٩١ی هەتاویەوە، \"زیا نەبووی\" خوێندکاری دوورخراو بۆ زیندانی کاروون، نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ محەممەد لاریجانی بەڕێوەبەری ستادی مافی مرۆڤی قوەی قەزاییە نووسیبوو و تێدا ئاماژەی بە دوخی ناڵەباری ٤٥٠٠ زیندانی دابوو و لەو پەیوەندییەدا هوشداری دابوو.

بە زیندانیانی سیاسی لە خوزستان ڕاگەیەنراوە کە بڕیارە بە زوویی بۆ زیندانێکی نوێ کە لە نێوان جادەی ئەهواز _ ئەندیمشکدایە و بەم دوایانە دروستکراوە، بگوازرێنەوە.

زیندانی کاروون لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی دروستکراوە و ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس داوای چاوپیکەوتن لەگەڵ زیندانیان دەکەن.