ئەهواز/ ناوی ٨ لاوی عەرەبی تاوانبار بە موحاریبە بڵاو کرایەوە

20:27 - 17 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی دەیان چالاکی عەرەب لە چەندین شاری پارێزگای خووزستان، ناوی ٨ کەس لەو گیراوانە کە لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە موحاریبە تاوانبار کراون، بڵاو کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی بیست و نۆی ڕەزبەری ئەمساڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر چەند گوندی شاری شووش و چەندین لاوی عەرەبیان دەستبەسەر کرد.

ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە، لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و \"بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی\" لە ڕووداوی دەستدرێژیی چەکدارانە بۆ سەر بۆنەکانی عاشوورای ناوچەی سەفیاوای دێزفوول دەستبەسەر کراون.

لەئێستادا، چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی عەرەب، ناوی ٨ کەسیان بڵاو کردووەتەوە کە هەموویان کەمتر لە ٣٢ ساڵ تەمەنیان هەیە.

عیسا عەبدوڵڵاهی (کەعبی) کوڕی ناسر تەمەن ٢٨ ساڵ، حەسوون عەبدوڵڵاهی( کەعبی) کوڕی حەبیب تەمەن ٢٩ ساڵ، حوسێن عەبدوڵڵاهی (کەعبی) تەمەن ٢٢ ساڵ، مەجید عەبدوڵڵاهی( کەعبی) کوڕی ماشاف تەمەن ٢٤، محەممەد عەبدوڵڵاهی (کەعبی) کوڕی هەلیل تەمەن ٣٢ ساڵ، جاسم عەبدوڵڵاهی (کەعبی) کوڕی ئەلعوبەید تەمەن ٢٨ ساڵ، ماجد عەبدوڵڵاهی (کەعبی) کوڕی دحام تەمەن ٢١ ساڵ و موحسین کەعبی کوڕی عەلی، ناوی ئەو ٨ کەسە دەستبەسەر کراوەن.

بەپێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئەهواز، دەستبەسەرکراوان لە سەرەتایی‏ترین مافەکانی کەسێکی زیندانی وەکوو پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و هەبوونی پارێزەر بێبەش کراون.

هەروەها ڕایانگەیاندووە کە بنەماڵەکانیان لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ڕۆڵەکانیان بێ‏ئاگان و هیچ زانیارییەکیان لەو بارەوە نیە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیتلاعاتی پارێزگای خووزستان ڕۆژی یازدەی ئەم مانگە، بە مەبەستی دروستکردنی پەروەندە بۆ چالاکانی عەرەبی ئەهواز، هاوڕێ لەگەڵ کەناڵە فەرمییەکانی دەنگ و ڕەنگی ئێران یەک لەوان \"پرێس تی ڤی\"، چوونەتە دێزفوول و بە گواستنەوەی چەند کەس لە دەستبەسەرکراوەکانی ئەم دوایانە لەشارەکانی شاوور، شووش و دێزفوول دوای \"ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی\" ئەوانیان ناچار بە دانپێدانانی بێ بنەما کردووە.