ئەهواز : هێزە ئیتلاعاتییەکان ٤٠ کەسیان دەستبەسەر کرد

15:53 - 2 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مافی مرۆڤی عەرەبی ئەهوازی، هەواڵی دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتیی عەرەبی ئەو شارەیان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە دوو شاری شووش و ئەهواز، زیاتر لە ٤٠ کەس لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوەتەوە.

بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤی عەرەبی ئەهواز، موحسین کەعبی تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی عەلی و خەڵکی شاری شووش، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە. هەروەها لەگەڵ موحسین کەعبی چەندین هاووڵاتیی دیکەی عەرەب لەو شارە دەستبەسەر کراون کە شوناسیان نادیارە.

لە ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهوازدا هاتووە کە لە ناوچەی \"شاوور\"، هەڵکەوتوو لە سەر ڕێگای ئەهواز بۆ شووش، چەندین عەرەبی سوونە مەزهەب بەهۆی چالاکیی ئاینییەوە دەستبەسەر کراون کە لەنێو ئەو دەستبەسەرکراوانەدا، عەبدوڵلا کەعبی کوڕی عەباس و براکەی بەناوی حەسەن کەعبی و هەروەها ئەحمەدی کەعبی کوڕی باسێت، دەبیندرێت.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ؛ لە ناوچەی شوعەیبییە، هەڵکەوتوو لەسەر ڕێگای ئەهواز بۆ شووشتەر، فارێس کەعبی، کوڕی جاسم و تەمەن ٢٣ ساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە. شیاوی وتنە کە هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی‏دا، لە پێش چاوی بنەماڵەکەی دەستیان کردووە بە لێدانی فارێس و بێ ڕێزییان پێ‏کردووە.
هەروەها، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٣٠ی ڕەزبەر، لە ناوچەی مەلاشیەی نزیک ئەهواز، عەلی عەیاشی (تەمیمی) تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی ساڵح، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە تاریق ئەلحەیایی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی و خوێندکاریی ڕشتەی مێژووی زانکۆی شووشتەر کە خەڵکی ئەلحایی (قلعە شهر) لە باکووری ئەهواز بووە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەتییەکان و هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچەی \"کوت النواصر\" و چەندین چالاکی سوونە مەزهەبیان دەستبەسەر کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، خەیروڵلا مەنسووری، تەمەن ٢٥ ساڵ و موحسین سیڵاوی تەمەن ٢٤ ساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەهوازەوە دەستبەسەر کراون. ئەو دوو چالاکە عەرەبە خەڵکی \"کوی ملاشیە\" ی دەورووبەری شاری ئەهواز بوون.

چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز ڕایانگەیاندووە کە، \"ئەو ڕەشبگیرانە شەوانە و خۆسەرانە و بەبێ خستنەڕووی حوکمی قەزایی بووە و بەرپرسە ئەمنیەتیی و قەزاییەکان هیچ زانیارییەک بە نیسبەت هۆی دەستبەسەرکران و چارەنووسی ئەو گیراوانەوە نادەنە بنەماڵەکانیان.