ئەنوەر محەمەدی:تەقینەوەکەی مەهاباد سناریۆی وەزارەتی ئیتلاعاته‌ بۆ لەسێدارەدانی لاوانی کورد

21:56 - 30 بانەمەڕ 2714

 

ئاژانسی کوردپا: لەو رۆژانی رابردوودا ماڵپەڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران باسی لەدەستبەسەر کردنی سێ کەس کردووە، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەستیان لەتەقینەوەکەی کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ١٣٨٩دا هەبووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەکاتێکدا پێشتر عەبولرەسووڵ مەحموودئابادی یەکێک لە فەرماندەرانی سوپای پاسداران باسی لە کوشتنی ٣٠ کەس کردبوو، کە بە وتەی مەحموودئابادی ئەو ٣٠ کەسە دەستیان لە تەقینەوەکەی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ٨٩ی شاری مەهاباد هەبووە، لە رۆژانی رابردوودا ماڵپەڕی وەزارەتی ئیتلاعات بلاوی کردەوە، کە سەربازانی ئیمامی زەمان سێ کەسی مەهابادی‌یان دەستبەسەر کردووە، کە ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوەیە بوون.

ماڵپەڕی وەزارەتی ئیتلاعات نوسیویەتی: ئەو سێ کەسە بە بڕیاری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئەو تەقینەوەیان ئەنجام داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵەی شۆڕشگێر پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ئەو کردەوەیەی مەحکووم کردبوو.

هەروەها ماڵپەڕی \"بوڵتەن نیوز\"ی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات، رۆژی رابردوو شوناسی سێ کەسی بەناوەکانی (دیاکۆ رەسووڵ‌زادە، حوسێن عوسمانی و صاڵح شێخ عەبدوڵلا) بڵاو کردەوەو بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە تۆمەتباری کردوون و هاوکات راشیگەیاندووە، کە دوو کەسی دیکەی مەهابادی بەناوەکانی شیوا رەدە و خەلیل شێخ عەبدوڵڵا لە دەستی سەربازانی بێ ناو و نیشان رایان کردووە.

رێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی و لەکاتی رێژەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری مەهاباد، تەقینەوەیەک رووی‌دا و لە ئەنجامدا ١٢ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بەو هۆیەوە تووشی برینداری بوون.

\"20075.jpg\"

 

ئەنوەر محەممەدی: هەر کردەوەیەک کە خەڵکی سڤیلی تێیدا ببێتە قوربانی، ئێمە مەحکوومی دەکەین

هەواڵنێری کوردپا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ئەنوەر محەممەدی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە دیمانەیەکی کورتی پێکهێناوە، کە لێرەدا دەخرێتە روو:

ئەنوەر محەممەدی دەڵێت: ئەو هەواڵەی وەزارەتی ئیتلاعات دوورە لە راستی و جگە لە تۆمەت وەپاڵدان بە کۆمەڵە هیچی تێدا نییە و ئەو سێ ناوەشی کە ئاماژەی پێکراوە، پەیوەندییان بە کۆمەڵەوە نییە و شیوا رەدە و خەلیل شێخ عەبدوڵڵا، لە ریزەکانی ئەو حیزبەدان و هیچ پەیوەندییان بەو رووداوەی مەهابادیشەوە نییە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی ئەو کات ئێوە ئەو تەقینەوەیەتان مەحکووم کرد، دەڵێت: ئێمە هیچکات پەنامان بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل نەبردووەو هەر کردەوەیەکیش کە خەڵکی سڤیلی تێیدا ببێتە قوربانی، ئێمە مەحکوومی دەکەین.

محەمەدی ئەو هەواڵەی ماڵپەڕە حکوومەتییەکانی ئێران بە سناریۆی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە قەڵەم دا و لەو باوەڕەدایە، کە حکوومەتی ئیسلامی دەیهەوێ روو لە دنیای دەرەووە نەرمی بنوێنێت و لە ناوخۆشدا لەژێر ناوی تیرۆر خەڵک لە سێدارە بدات و خەڵکی پێ بتۆقێنێت.