ئەندامێكی مەجلیس: بێكاری و گرانی لە ئێران، هۆكارەكانی چۆونەسەری رێژەی تەڵاقن

21:37 - 21 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: ئەندامێكی كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتیی مەجلیسی ئێران رایگەیاند، بێكاری، گەشەكردنی نرخی هەڵاوسان، زیادبوونی هەزینەكانی ژیان و گرانی هۆكارە سەرەكییەكانی پەرەسەندنی دیاردەی تەڵاقن لە كۆمەڵگای ئێراندا.

محەممەد ئیسماعیل سەعیدی لە وتووێژ لەگەڵ \"هەواڵدەریی خانەی میللەت\" وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە چوونە سەری ئاماری تەڵاق لە ئێران، وتی: \"نەبوونی دەرەفەت و دەرەتانی كار بۆ سەرپەرستی بنەماڵەكان، گرانی و هەڵاوسانی ئابووری لە هۆكارە سەرەكییەكانی تەڵاق و لێ: هەڵوەشانی بنەماڵەكانن لە ئێراندا.

ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە چوونە سەری تێچوو و هە زێنەكانی ژیانی بنەماڵەی ئێرانی، زەخت و گوشارێكی زۆری لە بواری ماڵی و رۆحی و دەروونییەوە بۆ خەڵك هێناوە و هەر ئەمەش وا دەكات كە بنیت و شیرازەی بنەماڵەكان سست دەبنەوە و ئەنجامەكەشی لێك جیابوونەوەیە.

كارناسانی كۆمەڵایەتی و راوێژكارانی بنەماڵە لەو باوەڕە دان لێك هەڵوەشان و لەرزۆك بوونی شیرازەی بنەماڵە دەبنە هۆی قەیرانە تاكەكەسییەكان، بەڵكوو لە هاتنە ئارای قەیرانە كۆمەڵایەتییەكانیشدا رۆڵی بەرچاوی هەیە.
بە وتەی بەرپرسی ئیداری تۆماركردنی باری كەسایەتیی ئیلام تەنیا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 1390دا لە پارێزگایەكی كەم حەشیمەتی وەكوو ئیلامدا رێژەی تەڵاق 34% زیادی كردووە.

لەلایەكی دیكەشەوە \"رێكخراوی تۆماركردنی بەڵگەكانی ئێران\" بە شێوەی نێونجێ‌ لە ئێران لە هەر كاتژمێرێكدا 15 حاڵەتی تەڵاق لە ئێران تۆمار دەكرێت.