سلێمانی / هەرێمی کوردستان؛ ٩ پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هێرشێکی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان لەدەست دا

12:45 - 26 پووشپەڕ 2726

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، بەهۆی هێرشی ٦ مووشەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سەر بارەگای حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی "زڕگوێزەڵە" هەڵکەوتوو لە پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستانی عێراق، ٩ پێشمەرگەی ئەم حیزبە گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

ئەم حیزبە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاندووە کە کاتژمێر ٦ی بەیانیی ئەمڕۆ، بارەگاکانی حیزب لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییە بەربڵاو و قورسەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج و لەم هێرشانەدا ٩ پێشمەرگەی حیزبەکە گیانیان بەخت کردووە. کۆمەڵە هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئەمە یەکەم هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی ئەم حیزبە نییە و لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا، ئەم شوێنانە چەندین جار بە سەدان مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج. حیزبەکە وێڕای مەحکووم کردنی ئەم هێرشانە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، ئیرادە و خەباتیان بەردەوام دەبێت و ئەم ٩ پێشمەرگە گیانبەختکردووە، نوێترین شەهیدانی ڕێگەی ئازادین کە ڕێباز و خەباتیان بەردەوام دەبێت.

ناو و ناسنامەی ٩ پێشمەرگە گیانبەختکردووەکە بەم شێوەیە:

یاسین کیان‌پوور: لەدایکبووی ١٤ی بەفرانباری ١٣٨٣، خەڵکی شازەند؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

زەکەریا فەقێ‌حەسەن‌ئاقا: لەدایکبووی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٨٢، خەڵکی بۆکان؛ لە لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

سیاوان نیکی‌خا: لەدایکبووی ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٨٨، خەڵکی بۆکان؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

ئەحمەد مەحموودی:  لەدایکبووی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٧٢، خەڵکی بانە؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

فەرهاد قەمەری:  لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٥٢، خەڵکی دیواندەرە؛ لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

ڕەزا سادقی:  لەدایکبووی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٧٣، خەڵکی بۆکان؛ لە مانگی مەی  ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

کەسرا ڕەحمان‌نژاد: لەدایکبووی ١٥ی بەفرانباری ١٣٨٨، خەڵکی بۆکان؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

سرووش نەسری: لەدایکبووی ٦ی جۆزەردانی ١٣٨٨، خەڵکی مەریوان؛ لە مانگی ژوئییەی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

سینا سەفەری: لەدایکبووی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٨٧، خەڵکی شاباد؛ لە مانگی ژوئییەی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

بەپێی ئامارە بەڵگەکراوەکانی ڕێکخراوی "کوردپا"، لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە تا ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، زیاتر لە ٨٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی سەر بۆ کۆماری ئیسلامییەوە، بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمار کراون.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، لانیکەم ٢٩ کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون؛ قوربانییەکان پێکهاتوون لە:٧  پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، یەک  ئەندامی هێزەکانی ئاسایش، ١٨ پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٣ هاووڵاتیی سێڤیل و  سەربازێکی فەڕەنسی.

لەم نێواندەدا، بارەگا و کەمپەکانی پەنابەرانی سیاسیی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە بوون؛ بەتایبەت ئەو کەمپانەی کە بنەماڵە، ژنان و منداڵانی ئەندامانی ئەم حیزبانەی تێدا نیشتەجێن. هەروەها ناوەندە خزمەتگوزاری و گشتییەکانی وەک نەخۆشخانەکان، کتێبخانەکان، قوتابخانەکان و ڕێکخراوە مەدەنییە چالاکەکان لەم کەمپانەدا کراونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.