سەقز؛ فریشتە ڕەحمانزادە و باوکی، عەلی ڕەحمانزادە، لەلایەن هاوسەری پێشووی فریشتەوە کوژران
٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی لاو بە ناوی فریشتە ڕەحمانزادە لەگەڵ باوکی، عەلی ڕەحمانزادە، بە تەقەی فیشەک لەلایەن هاوسەری پێشووی فریشتەوە، بەهۆی کێشەی خێزانیی دوای جیابوونەوە و لەسەر مارەیی، گیانیان لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، فریشتە ڕەحمانزادە و باوکی، عەلی ڕەحمانزادە، لە خانەباخێکدا هەڵکەوتوو لەسەر ڕێگەی کۆنی سەقز - مەریوان، لەلایەن هاوسەری پێشووی فریشتە، سەڵاح فەرەجپوورەوە، کرانە ئامانجی تەقەی چەکی گەرم و لە ئەنجامدا هەردووکیان گیانیان لەدەست دا. به وتەی ئەم سەرچاوەیە، کێشەی خێزانیی دوای جیابوونەوە، بابەتی مارەیی و خاوەندارێتیی خانەباخەکە لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم قەتڵە بوون.
فریشتە ڕەحمانزادە و باوکی، عەلی ڕەحمانزادە، خەڵکی گوندی خوڕدەلۆکی سەر بە شاری سەقز بوون. هەروەها سەڵاح فەرەجپوور، هاوسەری پێشووی فریشتە، خەڵکی گوندی کاومەلەی سەر بە شاری سەقزە.
فریشتە ڕەحمانزادە دایکی دوو منداڵ بە ناوەکانی ئایناز و ئانیسا بوو.
میدیاکانی حکوومەت دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە ڕایانگەیاند کە هێزەکانی پۆلیس و کارمەندانی فریاکەوتن لە شوێنەکە ئامادە بوون و تەرمی کوژراوەکانیان بۆ ساردخانە گواستووەتەوە.هەروەها تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی کوشتنەکە لە شوێنەکە هەڵاتووە و ناوەندە بەرپرسەکان لە هەوڵی دەسبەسەرکردنیدان. پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لەم ڕووداوە، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر دەسبەسەرکردنی تۆمەتبارەکە بڵاو نەکراوەتەوە.