بەندیخانەی تەورێز؛ سزای لەسێدارەدانی سەلمان کاکەخانی، بەندکراوی کورد جێبەجێ کرا
بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی «سەلمان کاکەخانی» خەڵکی گوندی «قەپڵانتوو»ی سەر بە شاری سەقز، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی تەورێز گواسترابووەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.
لە کۆتاییەکانی بانەمەڕی ١٤٠٢دا، هاوسەر و کچی ئەم بەندکراوە بە ناوەکانی «هاجەر پەناهی» و «هێرۆ کاکەخانی»، لە ڕووداوێکی دڵتەزێنی کارەباگرتندا بەهۆی ئامێری کارواشی ماڵەوە، گیانیان لەدەست دا.
تاکوو ئێستا، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکان یان میدیاکانی ناوخۆی ئێرانەوە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.