سنووری هەورامان؛ زانیار ئێراننژاد، کۆڵبەرێکی لاو، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژرا
٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ شەوی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەردەشت بە ناوی «زانیار ئێراننژاد» لە بەرزاییەکانی «تەتە»ی هەورامان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: "ئەم کۆڵبەرە لاوە کاتژمێر ٩ی شەوی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامان و لە بەرزاییەکانی «تەتە» کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە."
ئەم سەرچاوەیە وتی: زانیار خەڵکی سەردەشت بووە و بەهۆی هەژاری و نەبوونی هەلی کارەوە، ماوەیەک بوو لە ناوچەی هەورامان خانوویەکی بەکرێ گرتبوو و خەریکی کۆڵبەری بوو. ئەو تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئێستا ببووە خاوەنی منداڵ، بەڵام دوای دوو ڕۆژ بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی دووبارە ڕووی لە سنوورەکان کردەوە و لەوێ بە فیشەکی جەنگی کوژرا.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە؛ هێزە نیزامییەکان بە دەستڕێژی گولـلەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا زانیار بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. لەو وێنانەیدا کە لەم کۆڵبەرە بە دەست کوردپا گەیشتوون، دیارە کە هێزە نیزامییەکان تەقەیان لە بەشی سەرەوەی جەستەی (سنگ و سەری) کردووە و تەرمەکەی خوێناوی بووە.
لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ئەمە سێیەم کۆڵبەرە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان گیانی لەدەست دەدات. پێشتریش سیروان خۆشنەمەک تەمەن ١٨ ساڵ و وەزیر ڕەحیمی تەمەن ٥٧ ساڵ لە کاتی کۆڵبەریدا کوژرابوون.