ئەندامێکی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

14:58 - 21 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە شاری سنە، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ، هێزە ئینتزامییەکان لە شاری سنە، \"عەلیڕەزا خەندان\"، ئەندامی کۆمیتەی هاوئاوهەنگیی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانیان لەو شارە دەسبەسەر کرد.

کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەو بارەوە نووسیوویەتی: \"هێزە ئینتزامییەکان پاش دەسبەسەرکردنی عەلیڕەزا خەندان، ناوبراویان بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە گوازتووتەوە و پاش چەند ڕۆژ لێکۆڵینەوە لەسەر بڕیاری لێکۆڵەری دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٤٠ میلیۆنی بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندی دەگوازرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پاش دانانی بارمتە، بە بنەماڵەی خەندان ڕادەگەیەنن، کە کوڕەکەیان ئازاد دەکرێت، بەڵام دەستێوەردانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پێش بە ئازادکردنی ناوبراو دەگرێت.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، عەلیڕەزا خەندان، لە کاتێکدا دەسبەسەر کراوە، کە ژنە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی نالەباریی دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی بە هەڵگرتنی پلاکارتێک لە شەقامی \"شاپوور\"ی شاری سنە، کە لەسەری نووسراوە \"منیش مرۆڤم و مافی ژیانم هەیە\" و ئەمیش دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی ئەو ژنە و ئەمەش بووەتە هۆی دەسبەسەرکرانی ناوبراوەوە.

عەلیڕەزا خەندان، پاش ١١ ڕۆژ مانەوە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، هەتا ئێستە چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.