ئەندامێکی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، هەڕەشەی ٥ ساڵ زیندانیبوونیان لێکردووە

15:41 - 19 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، کە بە ئەماننامەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز گەڕابووەوە، لە لایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە پێی ڕاگەیەندراوە کە لە ئەگەری دادگاییکردنیدا، ٥ ساڵ زیندانیی بە سەردا دەسەپێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٨ی جۆزەردان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، \"محەمەد فەدەوی\"، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی \"مەڵقەرەنیـ\"ی ئەو شارەیان بانگهێشت و هەڕەشەی زیندانیبوونیان لێکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ماوەی چەند مانگێک پێشمەرگەی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە، پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لە لایەن ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە، دەسبەسەر کراوە.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: \"محەمەد فەدەوی، بە ئەماننامەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، گەڕاوەتەوە.\"

ئەم سەرچاوەیەی کوردپا هەروەها وتی: \"ئیدارەی ئیتلاعات، سەرەڕای پێدانی ئەماننامە بە بنەماڵەی فەدەوی بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان، \"محەمەد فەدەویـ\"ـیان، چەند جارێک بانگهێشتی ئیتلاعات کردووە و لێپرسینەوەی لێکراوە و پێی ڕاگەیەندراوە کە لە ئەگەری دادگاییکردنیدا، ٥ ساڵ زیندانیی بە سەردا دەسەپێت.\"

ئیدارەی ئیتلاعات، بە \"محەمەد فەدەویـ\"ی ڕاگەیاندووە کە ٢٠ ڕۆژی دیکە سەردانی ئەم ناوەندە حکوومەتییە بکات و ئەو کات ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دەکەرێت.

لەم پەیوەندییەدا، ئەندامێکی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە ناوی \"پوویا ڕەسووڵی\"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی عێزەت، پاش خۆڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران بە ئەماننامەی ئیدارەی ئیتلاعات، دەسبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو.